زیندانییەک دەبێتە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا

پارێزەر جان ئاتالای، بەربژێری پارتی کرێکارانی تورکیا دوای ئەوەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی وڵاتەکەی رادەگەیەندرێت، بەفەرمی دەبێتە یەکێک لەپەرلەمانتارای شاری هەتای و بەو هۆیەشەوە لە زیندان ئازاد دەکرێت.

بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن لە تورکیا، پارتی کرێکارانی تورکیا 44 هەزار و 792 دەنگی بەدەستهێناوە و بەم ئەنجامەش ئەو پارێزەرە زیندانیکراوە وەک جێگر لە پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە یەکەم کاندیدی پارتەکە بووە لە شاری هاتای.

ئاتالای لە زیندانەوە لە نامەیەکی سوپاسگوزاریدا بۆ دەنگدەرانی هاتای نووسیویەتی: “سوپاس هاتای”، هەروەها بەڵێنی خۆی بە خەڵکی شارەکە دا و گوتی: “پێکەوە هاتای ئاوەدان دەکەینەوە”.
پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ – TÎP) لە هەڵبژاردنەکانی ئیستانبوڵ توانی سێ کورسی دیکە بەدەستبهێنێت.

ئاتالای کێیە؟

ماوەی 20 ساڵ وەک پارێزەر کاری کردووە و یەکێک لە کارەکانی بەرگریکردن بووە لە دۆسیەی بنەماڵەی ئەوانەی لە کانەکانی سۆما گیانیان لەدەستدا. هەروەها ئەتالای بە سۆشیالیست ناسراوە و وەک داکۆکیکاری مافەکان لە زۆر بابەتی کۆمەڵایەتیدا وەک ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مافە کۆمەڵایەتییەکان کاری کردووە، هەروەها بەشداری زۆرێک لە دۆسیەکانی بەرگریکردن لە رۆژنامەنووسان کردووە، لەوانە رۆژنامەی جمهوریەت.

لە 28ـی ئایاری 2013، دوای ناڕەزایەتییەکانی پارکی گێزی لە دژی حکومەتی داد و گەشەپێدان دەستگیرکرا.

Back to top button