وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: حەشدی شەعبی خەڵک ئەشکەنجە دەدات و پەکەکەش منداڵ دەڕفێنێت تا بیانکەن بە چەکدار

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە نوێترین راپۆرتیدا رایدەگەیێنێت:” حەشدی شەعبی خەڵک ئەشکەنجە دەدات و پەکەکەش منداڵ دەڕفێنێت تا بیانکەن بە چەکدا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی رەوشی ئازادیی ئایینی جیهانی بۆ ساڵی 2022 بڵاو کردەوە و رایگەیاند: “لە عێراق کۆتوبەندەکانی سەر ئازادیی ئایینی بەشێوەیەکی بەربڵاو ماوەتەوە، شەڕی مەزهەبیی گرووپە چەکدارەکان لە سەرانسەری عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە.”

لە چەند شوێنێکی راپۆرتەکەدا ئاماژە بە پێشێلکاریەکان دژی پێکهاتەکان لە عێراق کراوە و باس لەوەش دەکات کە هەرێمی کوردستان لەو پێشێلکارییانە بە دوور بووە و دەڵێت: “راپۆرتی بڕواپێکراو هەبوون لەسەر ئەوەی کە هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی، ئاسایشی نیشتمانی و حەشدی شەعبی، مامەڵەی خراپیان لەگەڵ خەڵکدا کردووە و ئەشکەنجەیان داون.”

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها لە ڕاپۆرتەکەی تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە حەشدی شەعبی هەراسانکردن و مامەڵەی خراپی جەستەیی لە بەرامبەر کوردانی ئێزیدی و کریستیانەکان بەکارهێناوە و، هەبوونی هێزە چەکدارەکانی سەر بە پەکەکە و حەشدی شەعبی لە شنگال و نەینەوا، بەردەوامبوون لە دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ژیانی دانیشتووان و بەربەست بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.”

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بە ڕاگەیەندراوێکی کۆمەڵگەی ئێزیدی لە شنگال لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوو دەدات و رایدەگەیەنێت: “لەو کاتەوەی داعش لە ساڵی 2015 لە شنگال بەزێنراوە، پەکەکە سەدان منداڵی ئێزیدی رفاندووە بۆ ئەوەی بیانکاتە چەکدار.”

Back to top button