بڕیارێكی تازە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە
ماوهی پێشكهشكردن بۆ خوێندنی باڵا لە دبلۆمی باڵا و ماستهر و دكتۆرا درێژ دەكرێتەوە و كاتی دەستپێكردنی خوێندنی ئەكادیمیش ئاشكرا دەكرێت.
لە نووسراوێكى وەزارەتی خوێندنی باڵا كە ئەمڕۆ 16ی 5ی 2023 دەرچووە تیایدا هاتووە: بۆ رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ خوازیاران و پێشکەشکارانی خوێندنی باڵا، لە دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا و رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆیان، بۆ ئەوەی باشتر خۆیان بۆ کاروبارە کارگێڕییەکان ئامادە بکەن و کات نەبێتە ڕێگر بۆ خۆتۆمارکردنیان، بڕیارماندا بە درێژکردنەوەی ماوەی پێشکەشکردن و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی.
درێژكرنەوەكە بەم شێوەیە دەبێت:
یەكەم – درێژکردنەوەی ماوهی پێشكهشكردن بۆ خوێندنی باڵا/ دبلۆمی باڵا و ماستهر و دكتۆرا، لە رۆژی پێنجشەمە ڕێکەوتی (2023/5/18) تاکو کۆتایی دەوامی فەرمی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی (2023/6/4).
دووەم – دواخستنی تاقیكردنهوهی توانستی زانستی: لە رۆژی دووشەمە (2023/5/29) بۆ رۆژی دووشەممە رێكهوتی (2023/6/12).
سێیەم – دهستپێكردنی خوێندنی ئەکادیمی: مانگی 9ی 2023.
لای خۆیەوە د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژبنەوەی زانستی لە (فەسبووك)ی تایبەتی خۆی رایگەیاند: سوپاسی بێ پایانم بۆ بریکارو سەرجەم سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆکان و راویژکاران و فەرمانگەکانی دیوانی وەزارەت، کە ھەمیشە پشتیوان و ھاوکارمانن لەجێبەجێ کردنی ئەرک و ئامانجەکانی وەزارەتەکەمان و ھیوای سەرکەوتن بۆ پرۆسەکەو سەرجەم خوازیاران و پێشکەشکاران دەخوازم و لە خودای مەزن داواکارم نیشتمانەکەمان و ھاونیشتیمانیە ئازیزەکانمان بپاریزێ.