فازڵ نەبی: دوای پەسەندكردنی بودجە دۆخی ئابووری هەرێم زۆر باشتر دەبێت
د. فازڵ نەبی، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق رایگەیاند، دوای پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتی عێراق و جێبەجێكردن و رەوانەكردنی پشكی هەرێمی كوردستان، ئەوكات دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان زۆر باش دەبێت.
گوتیشی، هەرێمی كوردستان مانگانە پشكی خۆی بۆ رەوانە دەكرێت، كە دەتوانرێت مووچەی پێ بدرێت و پڕۆژەی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنانیشی پێ ئەنجام بدرێت، بۆیە رێككەوتنی ئەمجارەی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی عێراق زۆر گرنگە و وەك رێككەوتنەكانی پێشوو نابێت و جێبەجێ دەكرێت.
نەبی ئاماژەی كرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی لەسەری بوو بەرانبەر بە بەغدا 100% جێبەجێی كردووە، بۆیە حكومەتی عێراق هەرچۆنێك بێت ناچارە كە پابەندی رێككەوتنەكە بێت و جێبەجێی بكات و پشكی هەرێمی كوردستان رەوانە بكات، چونكە هیچ رێگەی تریان لەبەردەمدا نییە، بۆیە رێككەوتنی ئەمجارەی نێوان هەرێم و بەغدا بەجۆرێكە كە گومانی تێدا نییە جێبەجێ دەكرێت.
زیاتر گوتی، حكومەتی عێراق 400 ملیار دیناری بۆ مانگی چوار بۆ مووچە رەوانە كردووە، هەفتەی رابردووش ناردنی 400 ملیار دیناری تری پەسەند كرد كە رەوانە بكرێت، ئەمجارە ئەو پارەیە بۆ مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە”.