راگەیاندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێرەوە

لە راگەیێندراوێکدا، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ھەولێر دەستگیر کردنی باندێکی فرۆشتنی ئامێری بلوتووز کە لەلایەن قوتابییانەوە بەکاردەهێندرێت بۆ کاری گزی کردن، راگەیاند.

دەقی راگەیاندراوی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر:- 

دوای ئەوەی لە لایەن بەڕێز وەزیری پەروەردەوە ئاگادار کراینەوە لەوەی چەند کەسێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، هەڵدەستن بە فرۆشتنی ئامێری (بلوتووز) کە لە لایەن قوتابییان و خوێندکارانەوە بۆ کاری (گزی/غەش)کردن بەكار دەهێندرێت، هەروەها بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە دەتوانن وەڵامی پرسیارەکانی پۆلی 12ی ئامادەییش بەردەست بخەن لە بەرامبەر بڕێک پارە كە قوتابیان و خوێندکارانەوە پێیان بدەن، بۆیە لە لایەن تیمەکانمانەوە بە داڕشتنی پلانێكی تۆكمە، توانرا ناسنامەی چەند تۆمەتبارێک ئاشکرا بكرێت و بە فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، لە بەرواری 15ی 5ی 2023 دەستگیریان بکەین. هاوكات دەست بگرین بەسەر چەند ئامێرێکی جۆراوجۆری (گزی/غەش)کردن.

ئەمە لە كاتێكدایە كە لە ماوەکانی رابردووش، چەند تۆمەتبارێکی تر لەسەر هەمان تاوان دەستگیر کراون و دراونەتە دادگا.

لێرەوە قوتابییان و خوێندکارانی خۆشەویست و ئازیزی هەرێمی کوردستان و كەسوكاریان دڵنیا دەکەینەوە، ئەو قسانەی باس لە ئاشکرابوون یان بەردەستخستنی وەڵامی پرسیارەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی دەکەن، دوورن لە راستییەوە، تەنها ئامانج لێیان پارە وەرگرتن و فێڵکردنە لە قوتابییان. بۆیە داوا دەکەین کە قوتابییان و خوێندکارانی خۆشەویست، خۆیان لە کڕینی ئەم ئامێرانە بەدوور بگرن.

لەم چوارچێوەیەشدا زۆر سوپاسی دانیشتوانی خۆشەویستی شاری هەولێر و دەورووبەری دەکەین کە هەمیشە هەماهەنگ و هاوکار بوونە لە پێدانی زانیاری لەسەر کەسانی تۆمەتبار بە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر

2023/5/18

Back to top button