ساسان عەونی: دانیشتووانی گوندی رەشکین لە باشترین شوێنی شاری هەولێر قەرەبوو دەکرێنەوە

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممە ١٨ی ئایاری ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پرۆسەی تیروپشك بە پێدانی چەند پارچە زەوییەك بۆ قەرەبووكردنەوەی هەر خاوەن مافێکی گوندی رەشكین بەڕێوەچوو و هەر ئەمڕۆش سەنەدی زەوییەكانیان وەرگرت.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەمیانەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی تیروپشكه‌كه‌ رایگەیاند: مافی دانیشتووانی رەشكین زۆر بە زیادەوە حیسابی بۆ كراوە و لە شوێنە زۆر باشەكانی شاری هەولێر زەوییەکەیان وەردەگرن.

ئاماژەی بەوەش كرد كه‌ رەشكین كەوتووەتە ناوچەی قەدەغەكراوی فڕۆكەخانەی هەولێر و لە ماستەرپلاندا سەوزاییە، بۆیە ئەو دامەزراوانەی ئەوێ لەوێ لادەچێت و لە شوێنەكەشی شەقامی دووساید بەناوی شەقامی رەشكین لەوێ دروست دەكرێت، هەروەها دەكرێتە پارك و ناوچەی سەوزایی و بە هەمانشێوە بەناوی “رەشكین” دەكرێن، ئەمەش بۆ ئەوەیە ناوی ڕەشكین بمێنێتەوە.

ساسان عەونی لە بەشێكی تری قسەكانیدا تیشكی خستە سەر فەرمانی سەرۆكی حكومەت لە قەرەبووكردنەوەی دانیشتووانی رەشكین و لەمبارەیەوە گوتی: لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی دانیشتووانی رەكشین، مافیان نەفەوتێت و بە زیادەوەش مافیان پێ بدرێت، لە نزیكترین و باشترین شوێنەكانی شاری هەولێر بۆ قەرەبووكردنەوەی دانیشتووانی رەشكین، لە كەرتی 32ی پارك و ناوچەی تێرمیناڵ لە هەولێر زەوییان بۆ تەرخانکراوە، بۆیە لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكومەت گرنگترین زەوی شاری هەولێر بۆ دانیشتووانی رەشكین كردە قەرەبوو و شوێنی سەكەنی، بۆیە بە زیادەوە قەرەبووی دانیشتووانی رەشكین کراوەتەوە و هەر ئەمڕۆش سەنەدی تاپۆ وەردەگرن.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە رێپێدان بە قەرەبووكراوەكانی رەشكین، گوتی: ئەوەی حەز دەكات لە 32ی پارك دەست بە دروستكردنی خانووەكەی بكات، ئەمڕۆ سەنەد وەردەگرێت و بە هەمانشێوە لە تێرمیناڵیش سەنەد وەردەگرن و یەكسەر ڕێپێدانیش وەردەگرن.

سەبارەت بە هەر سكالایەك لەسەر شێوازی قەرەبووكردنەوەكە، ساسان عەونی گوتی: هەر كەسێك ناڕازییە یان پێیوایە مافی وەك پێویست نەدراوە، تاوەكوو یەك هەفتە، لیژنەی قەرەبووكردنەوە سكاڵاكان وەردەگرێت.

Back to top button