ئالان حه‌مه‌ سه‌عید سوپاسی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ و ئاسایشی هه‌ولێر و ئاسایشی سلێمانی ده‌كات

وه‌زیری‌ په‌روه‌رده‌ی‌ حکومەتی هه‌رێمی‌ كوردستان سوپاسی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ و ئاسایشی هه‌ولێر و ئاسایشی سلێمانی ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ هه‌ڵمه‌تی‌ ده‌ستگیركردنی‌ یاسا شكێنه‌ران به‌رده‌وام ده‌بێت.

ئالان حه‌مه‌ سه‌عید وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی‌ حکومەتی هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا سوپاسی (وه‌زیری ناوخۆ) و (ئاسایشی هه‌ولێر) و (ئاسایشی سلێمانی) ده‌كات و رایگه‌یاند كه‌، پاڵپشتیان بۆ به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری له‌ تاقیكردنه‌وه‌كانی قوتابیان و خوێندكارانی پۆله‌ كۆتاییه‌كان (9ی بنه‌ڕه‌تی و 12ی ئاماده‌یی) و ده‌ستگیركردنی یاساشكێنه‌ران جێگه‌ی ده‌ستخۆشی و پێزانینمانه‌.

ئالان حه‌مه‌ سه‌عید ده‌ڵێت: وه‌ك له‌ بڵاوكراوه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر هاتووه‌ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ی پێدراوه‌ هی سێ رۆژی رابردوو بووه‌، به‌ڵام له‌ پێشتریش چه‌ندین باندی فریوده‌ر و یاساشكێنی دیكه‌یان ده‌ستگیركردووه‌.

جه‌ختیش له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌ هه‌موو پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان به‌رده‌وامه‌، هه‌ماهه‌نگیمان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئاسایش هه‌یه‌ و هه‌موو لایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌م پرۆسه‌ی به‌دواداچوون و رووبه‌ڕووكردنه‌وه‌ی یاساشكێنه‌ران به‌ دادگه‌ به‌رده‌وامی ده‌بێت له‌ پێش و له‌كاتی تاقیكردنه‌وه‌كان و له‌ پاش تاقیكردنه‌وه‌كانیش.

وه‌زیری‌ په‌روه‌رده‌ داواش له‌ قوتابیان و خوێندكاران ده‌كات كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و باندانه‌ فریو نه‌خۆن و ئه‌وه‌ به‌ شیاوی خۆیان بزانن كه‌ به‌توانای خۆیان به‌ده‌ستی ده‌هێنن، ڕێنماییه‌كانی گزیكردن ( غش) له‌تاقیكردنه‌وه‌ی پۆله‌كۆتاكان روونن.

كاتێكی‌ پێشتری‌ ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاسایشی هه‌ولێر رایگه‌یاند كه‌، دوای ئه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن وه‌زیری په‌روه‌رده‌ ئاگادار كراینه‌وه‌ كه‌ چه‌ند كه‌سێك له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌ڵده‌ستن به‌ فرۆشتنی ئامێری (بلوتووز) كه‌ له‌ لایه‌ن قوتابییانه‌وه‌ به‌كار ده‌هێنرێت بۆ كاری (گزی/غه‌ش)كردن، هه‌روه‌ها بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان كردووه‌ كه‌ ده‌توانن وڵامی پرسیاره‌كانی قۆناغی پۆلی 12 به‌رده‌ست بخه‌ن به‌رامبه‌ر به‌ بڕێك پاره‌ بیده‌ن به‌ قوتابییان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌ لایه‌ن تیمه‌كانمان به‌ داڕشتنی پلان توانیمان ناسنامه‌ی چه‌ند تۆمه‌تبارێك ئاشكرا بكه‌ین.

ئاسایش ده‌ڵێت: به‌ فه‌رمانی دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاسایشی هه‌ولێر له‌ ڕێكه‌وتی 17ی 5ی 2023 توانیمان ده‌ستگیریان بكه‌ین، هه‌روه‌ها ده‌ست بگرین به‌سه‌ر چه‌ند ئامێرێكی جۆراوجۆری (كزی/غه‌ش)كردن.

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌،له‌ ماوه‌كانی ڕابردووش چه‌ند تۆمه‌تبارێكی تر له‌سه‌ر هه‌مان تاوان ده‌ستگیر كراون و دراون به‌دادگا.

Back to top button