حکومەت رێکاری بەپەلە بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون ده‌گرێته‌ به‌ر

لە راگەیێندراوێکدا، وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، شەش رێکاری بەپەلە و گرنگی بۆ رێگری لە بڵاوبوونه‌وه‌ی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون دەر کردووە و داوای کۆنترۆڵکردنی دیاردەی هێنانی ئاژەڵ بە شێویەکی نافەرمی دەکات.

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان  رایگه‌یاند، وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ شه‌ش هه‌نگاوی به‌په‌له‌ ده‌نێ بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون.

رێگاكان بریتین له‌:

یەکەم: پێویستە ئاژەڵەکان لە سەربڕخانە فەرمییەکان سەر ببڕدرێن و بە پشکنین و مۆری فەرمیی ڤێرتێرنەری بچێتە بازاڕەوە؛ سەربڕینی ئاژەڵیش لەسەر رێگاکان و لاکۆڵانەکان قەدەغەیە.

دووەم: دەبێت پشکنین بۆ ئاژەڵەکان پێش سەربڕین و دوای سەربڕین بکرێت، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەکە.

سێیەم: پێویستە رێکارە تەندروستییەکان بۆ پۆشینی جلوبەرگی تایبەت و کەلوپەلی سەربڕین لە سەربڕخانەکاندا رەچاو بکرێت.

چوارەم: کەرەنتینەکانی ئاژەڵ لە مەرز و فڕۆکەخانەکاندا، پێویستە پشکنینی ورد بۆ ئەو ئاژەڵانە بکەن کە دێنە ناو هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەکان.

پێنجەم: وەزارەتی کشتوکاڵ رێکاری پێویست دەگرێتە بەر بە مەبەستی دابینکردنی دەرمانی شووشتنی ئاژەڵ بۆ لەناوبردنی مشەخۆری دەرەکی (قڕنە) کە هۆکاری سەرەکیی گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشیی تای خوێنبەربوونە لە نێوان ئاژەڵەکان، ئەم هەڵمەتە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دەبێت.

شەشەم: کۆنتڕۆڵکردنی دیاردەی هێنانی ئاژەڵ بە شێوەیەکی نافەرمی و لە سنوورەکانی دەرەوە و نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها رێگەگرتن لە هێنانی ئاژەڵ لەو پارێزگایانەی کە نەخۆشیی تای خوێنبەربوونی تێدا بڵاو بووەتەوە.

وەزارەتی کشتوکاڵ جگە لە دەرکردنی چەند رێکارێک بۆ ڕێگری لە ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ئەو نەخۆشییە، هانی هاووڵاتییان و گۆشتفرۆشانیش دەدات خۆیان بپارێزن و رێنوێنییه‌ تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن.

Back to top button