دەنگدان لەسەر بودجەی گشتی عێراق دوادەکەوێت
لیژنەی دارایی چەند ماددەیەکی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە یەکلایی دەکاتەوە
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات کە دەنگدان لەسەر بودجەی گشتی عێراق دوادەکەوێت و داوای کۆبوونەوە لەگەڵ لێژنەی دارایی کراوە.
نەجوە حەمید ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند:” زیاتر لە 65 پەرلەمانتار لە کوتلە و فراکسیۆنە جیاوازەکانی ناو پەرلەمان ناوی خۆیان تۆمار کردووە بۆئەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی کۆببنەوە و ژمارەکە لە زیاد بووندایە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر پرسی بودجە و ئەو گۆڕانکاریانەی لیژنە دارایی کردوویەتی لەناو پرۆژە یاساکە بەرچاوڕوونیەک هەبێت پێش ئەنجامدانی کۆبوونەوەی گشتی پەرلەمان تایبەت بە تێپەڕاندنی بودجەی 2023.
گوتیشی:” ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆکار بۆ دواکەوتنی بودجە چونکە ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاران ناویان تۆمار کردووە دوو بۆ سێ رۆژی پێویستە لە بەرانبەریشدا کۆبوونەوەی گشتی پەرلەمان تایبەت بە پرسی بودجە دوا دەکەوێت.
لای خۆشیەوە، سیپان عەزیز، ئەندامی فراکسیونی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی: “چەند ماددەیەکی پەیوەست بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە لەلایەن لیژنەی داراییەوە پەسندکراون، هەندێکی دیکەش ماون”.