مەسرور بارزانی: داوامان لە شارەزایان و وەزارەتەکان کردووە پێوەری ستانداردی جیهانی لە پڕۆژەکان هەبێت
ئەمڕۆ سێشەممە 23ی ئایاری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر پیشانگەی نێودەوڵەتیی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوەی کردەوە و پاشان لە پانێلێکی تایبەتدا بەشداری کرد.
پوختەیەک لە گوتە و وەڵامەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
• بەرنامە و ئەجێندای حكومەت بەرنامەیەكی خزمەتگوزارییە بەوەی ئێمە چۆن بتوانین خزمەتی هاووڵاتییانمان بكەین كە ژیانێكی خۆشگوزەرانیان بۆ دابین بكەین.
• ئێمە لە حكومەت بەرنامەی ئەوەمان هەبووە كە 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون دروست بكەین بۆ ئەوەی ئەو خەڵكە بتوانن سوود لەو پرۆگرامەی حكومەت وەربگرن كە ئێستا خراوەتە تەندەر.
• هەندێك بەرنامەمان هەبووە كە چۆن بتوانین یەكەی نیشتەجێبوون بەبێ بەرامبەر بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دابین بكەین، لە سنووری دهۆك وامان كردووە، لە هەولێر پرۆسەیەكە خەریكە ئینشاڵڵا تەواو دەبێ، لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی تریش بۆ بنەماڵەی شەهیدان وا دەكەین.
• داوامان كردووە جگە لەوەی كە ماستەرپلانی شارەكان پێداچوونەوەی پێدا بكرێت، هەتا ڕووبەری سەوزایی لە بیناسازی لە كوردستان دەبێ لەبەرچاو بگیرێت بۆ ئەوەی هەمووی نەبێ بە شارێكی كۆنكریتی، واتە سەوزایی لەبەرچاو بگیرێ.
• لە ئاستی ئۆفیسی خۆم خەڵكمان هەیە كە بەردەوام دەبێ بەدواداچوون بكەن بۆ ئەوەی بزانن كە ئەو كوالێتییەی بەڵێن دراوە ئایا جێبەجێ كراوە یان نا.
• بیرمان لەوە کردووەتەوە کە پەرە بە کەرتی گەشتوگوزاری لە هەرێمی کوردستان بدەین، کەواتە چەندین کۆمەڵگەی گەشتوگوزاری پێویستن و دەبێ دروست بکرێن تاوەکوو خەڵک بتوانن بێن سەردانی ئێرە بکەن.
• ئێمە داوامان لە هەموو ئەو کۆمپانیایانە کردووە کە لە کوردستان ئیش دەکەن دەبێت ڕێژەی ٪70 کرێکاری خۆماڵیی کوردستان بەکار بێنن.
• لە کوردستان پێش هەموو شتتێک پێویستیمان بەوە هەیە زیاتر وەبەرهێنان لە زانستدا بکەین، لە خودی مرۆڤدا بکەین، ئێمە چۆن بتوانین ئاستی خۆمان بەرز بکەینەوە ئەمە لە هەموو شتێک گرنگترە.
• کوالێتی رێگاوبانەکانی کوردستان جیاوازییەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، زۆر زۆر باشترە لەوەی کە پێشووتر هەبووە، شارەزایی ناخۆیی پێگەیشتووە کە دەتوانێت ئەم جۆرە ئیشانە بکات بەبێ ئەوەی ناچاربین خەڵک لە دەرەوە بهێنین.