سلێمانی .. بەهۆی دامەزراندنی کارگەی چەکی قاچاغ هاووڵاتییەکی ئەمریکی دووچاری زیندانی هەتاهەتایی دەبێتەوە
وەزارەتی دادی ئەمریکا رۆژی دووشەممە 22ـی ئایاری 2023 رایگەیاند، هاوڵاتییەکی ئەمریکی بەناوی رۆس رۆگیۆ کە تەمەنی 54 ساڵە، رۆژی هەینی رابردوو لەلایەن دادگایەکی ویلایەتی پەنسڵڤاینیاوە، بە فەرمی تاوانبارکرا بە ئەشکەنجەدانی هاووڵاتییەکی ئیستۆنی کە کارمەندی کارگەکەی بووە لەشاری سلێمانی کە تایبەت بووە بە دروستکردنی چەکی “ئێم فۆر” و دەمانچەی “کلۆک” بەشێوەیەکی نایاسایی، بەوهۆیەشەوە دادگاکە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاند.
رۆگیۆ لە ساڵی 2015 کارگەکەی دامەزراندووە و چەندین پارچەی چەکی لە ئەمریکاوە هاوردە کردووە بۆ دروستکردنی چەکەکان بە شێوەیەکی نایاسایی و بەبێ رەزامەندی وەزارەتی دەرەوە و بازرگانی ئەمریکی. چەندین کارمەند لە نەتەوەی جیاواز لەو کارگە لە ژێر سەرپەرشتی رۆگیۆ کاریان کردووە.
لەو کاتەی یەکێک لە کارمەندەکانی گومانی خستووەتە سەر پڕۆژەی چەک دروستکردنەکەی، رۆگیۆ ئەو هاووڵاتییە ئیستۆنییەی بە چەندین شێوازی دڕندانە ئەشکەنجە داوە، وەک بەستنی ملی بە قایش و تەنگکردنی هەناسەیی و لێدان و هەڕەشەکردنی بۆ بڕینی پەنجەی و چەندین شێوازی دیکە.
وەزارەتی دادی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی کردووە، رۆگیۆ لە رێگەی “سەربازانی کورد” بەردەوام بووە لە ئەشکەنجەدانی هاووڵاتییەکە بۆ ماوەی 39 رۆژ لە سەربازگەیەک، وەزارەتەکە زانیاری زیاتری لەسەر چەکدارەکان ئاشکرا نەکردووە.
یاریدەدەری داواکاری گشتی کێنس پۆلایتی بچووک دەڵێت “رۆگیۆ بەشێوەیەکی درندانە ئەشکەنجەی کەسێکی دیکەشی داوە بۆ ئەوەی دەستوەردان لە کارە نایاساییەکانی نەکات،” بەڵام زانیاری زیاتری لە بارەی ناسنامەی کەسەکەی دیکەوە نەدرکاندووە.
ئەو بەرپرسە دادوەرییە سوپاسی قوربانییەکە و هەموو ئەو لایەن و کەسانەی کرد کە بەشداربوون لە ئاشکراکردنی تاوانەکان، کە لە نێویاندا حکومەتی ئیستۆنیاش هەیە.
ئەو تاوانانەی دادگاکە بەسەر رۆگیۆیدا ساغ کردوونەتەوە بریتین لە ئەشکەنجەدان و پلاندانان بۆ ئەنجامدانی تاوان لە دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەناردەکردنی پارچەی چەک و خزمەتگوزاریی بەبێ رەزامەندی وەزارەتی دەرەوە و فێڵکردن و شووشتنەوەی پارە.
رۆگیۆ بەشێوەیەکی فەرمی لە 23ـی ئابدا سزاکەی بەسەردا دەسەپێنرێت کە بریتییە لە زیندانی هەتاهەتایی و ئەمە دووەم هاووڵاتی ئەمەریکییە کە بە تۆمەتی ئەشکەنجەدانەوە دووچاری سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی بووبێتەوە.