بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی لە وەقایعی کوردستان بڵاوکرایەوە
رۆژنامەی وەقایعی کوردستان، دەقی بڕیاری پەرلەمانی کوردستانی بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە
وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ژمارە «305»ـی ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاو کرایەوە، کە رۆژنامەی فەرمی هەرێمی کوردستانە و وەزارەتی داد دەریدەکات، لەو ژمارەیەدا بڕیاری ژمارە (10)ـی ساڵی 2023 پەرلەمانی كوردستان بڵاو كراوەتەوە تایبەت بە بەردەوامبوون و ھەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی، هەروەها لەگەڵ ژمارەیەک رێنمایی و بەیان.
رۆژنامەی وەقایعی کوردستان لە بڕیاری ژمارە (10)ـی ساڵی 2023 رایگەیاند: پاڵپشت بە حوکمی بڕگەی 1 لە ماددەی 56 لە یاسای ژمارە 1ـی ساڵی 1992ـی هەموارکراو و حوکمی مادەی خاڵی 1ـی بڕگەی یەکەم لە ماددەی 5ـی یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان – عێراق ژمارە 4ـی ساڵی 2014 بڕیارمان دا بە:-
یەکەم: بەردەوامبوونی هەریەک لەم بەڕێزانەی خوارەوە وەک ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بۆ ماوەی پێنج ساڵ کە دەستپێدەکات لە رۆژی کۆتاهاتنی ماوەی یەکەمی کارکردنی ئەنجوومەنی کۆمسیاران لە رێکەوتی 23ـی 12ـی2019:
1- هەندرێن محەمەد ساڵح
2- نەهرۆ سەلیم حەنا
3- رێزان حەمەڕەشید کەریم
4- عەبدولسەمەد خزر عەبدوڵا
5- شێروان زرار نەبی
6- ئیسماعیل حەمەعەلی عەبدولقادر
7- سلێمان مستەفا حەسەن
دووەم: هەڵبژاردنی هەریەک لەم بەڕێزانەی خوارەوە بە ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، لە رۆژی دەرچوونی ئەم بڕیارە:
1- عەلی ساڵح مەحموود قادر
2- کامەران نەشئەت بەکر ئەحمەد
سێیەم: ئەم بڕیارە لە ڕۆژی دەرچوونییەوە کاری پێدەکرێت و لە رۆژنامەی فەرمیی وەقایعی کورستان بڵاو دەکرێتەوە.