ڤالا فەرید: كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی له هه‌نگاوی یه‌كه‌مه‌وه ته‌واو یاسایی بوو
ڤالا فه‌رید، وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مان رایگه‌یاند، كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان بۆ كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی، له هه‌نگاوی یه‌كه‌مه‌وه ته‌واو یاسایی بوو، به‌وپێیه‌ی 24 كاتژمێر به‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان داوای كرد، كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆن بخرێته به‌رنامه‌ی كار، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی لیژنه‌ی یاسایی كاره‌كانی له‌وباره‌یه‌وه ته‌واو كردبوو.
روونیشیكرده‌وه، به‌پێی مادده‌ی 48 هه‌ر بابه‌تێكی گرینگ هه‌بێت، فراكسیۆنه جیاوازه‌كانی په‌رله‌مان ده‌توانن داوا له ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بكه‌ن، بیخاته به‌رنامه‌ی كاره‌وه، بۆیه ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی، هه‌ریه‌ك له سه‌رۆك، جێگری سه‌رۆك و سكرتێری په‌رله‌مان ده‌توانن به‌گوێره‌ی مادده‌ی 16 ئه‌و بڕگه‌یه بۆ به‌رنامه‌ی كار زیاد بكه‌ن.
له‌باره‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سكرتێری په‌رله‌مان، وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌پێی مادده‌ی 18، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌پێی مادده 19 و سكرتێری په‌رله‌مان به‌پێی مادده 20، ده‌سه‌ڵاته‌كانیان دیاریكراوه و بۆ راڤه‌كردنی هه‌ریه‌ك له‌و سێ مادده‌یه‌ش پێویست ده‌كات، هه‌موو مادده‌كانی دیكه بخوێندرێته‌وه و ئینجا له‌باره‌ی هه‌ر یه‌ك له‌و سێ مادده‌یه روونكردنه‌وه بدرێت.
ڤالا فه‌رید له به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا، باسی له‌وه‌كرد، ئه‌گه‌ر هیچ ناكۆكییه‌ك له‌نێوان سه‌رۆك، جێگر و سكرتێری په‌رله‌مان نه‌بێت، سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵگرتنی دانیشتنی په‌رله‌مانی هه‌یه، به‌و مه‌رجه‌ی پاساوه‌كان و هۆكاره‌كان بخاته‌ڕوو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ناكۆكی هه‌بوو، به‌گوێره‌ی هه‌موو سیسته‌مه په‌رله‌مانییه‌كان و وه‌ك عورفی په‌رله‌مانی، زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتاران ده‌توانێت دانیشتن هه‌ڵبگرێت یان وه‌ك خۆی بیهێڵێته‌وه.
گوتیشی، له‌و حاڵه‌ته‌ی له په‌رله‌مانی كوردستان روویدا، كه جێگری دانیشتنه‌كه‌ی به‌رده‌وامی پێ دا، فه‌رزكردنی ئیراده‌ی خۆی نه‌بوو، به‌ڵكو دایه ده‌ست زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتاران.
له‌باره‌ی واژۆكردنی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌سه‌ر كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆن و بڵاوكردنه‌وه‌ی له رۆژنامه‌ی وه‌قایعی كوردستان، وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مان گوتی، سه‌رۆكی په‌رله‌مان به ئاماده‌نه‌بوو حیساب ده‌كرێت، چونكه دانیشتنه‌كه‌ی به‌جێهێشت، بۆیه به‌پێی یاسا جێگره‌كه‌ی درێژه‌ی به دانیشتنه‌كه دا و هه‌موو لێكه‌وته یاساییه‌كانی دواتریش له ئه‌رك و ئه‌ستۆی ئه‌ودا ده‌بن.
جه‌ختیشیكرده‌وه، واژۆكردنی كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆن له‌لایه‌ن جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان ته‌واو یاسایی و ئاساییه و له عورفی هه‌موو وڵاتان به‌و شێوه‌یه، كه ئه‌گه‌ر ناكۆكی له‌نێوان سه‌رۆك، جێگر و سكرتێری په‌رله‌مان هه‌بێت، زۆرینه یه‌كلایی ده‌كاته‌وه، به‌تایبه‌ت بۆ پرس و بابه‌ته چاره‌نووسسازه‌كانی، كه هه‌ڵبژاردنیش یه‌كێكه له بابه‌ته هه‌ره چاره‌نووسسازه‌كانی كوردستان و چاوی هه‌موو دنیای له‌سه‌ره.