پۆندی هەرەوەزی بۆ گوندنشینانی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت

فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایدەگەیێنێت :” حکومەتى هەرێمى کوردستان، بە هاوکاریى رێکخراوى یونیسێف، دەستپێشخەریى “پۆندى هەرەوەزی” بۆ پشتیوانیکردنى ماددی و تەکنیکی لە دروستکردنى پۆندی گلدانەوەى ئاو لە گوندەکانی کوردستان رادەگەیەنێت.

راشیگەیاندووە:” ئەم دەستپێشخەرییە، کێشەى کەمئاوى و کاریگەرییەکانى وشکەساڵى کەم دەکاتەوە و دەبێتە سەرمایەیەکى نیشتیمانی بۆ گەشەپێدانى کەرتەکانى کشتوکاڵ و گەشتیارى.

دەشڵێت:” ئەو پۆندانە لەسەر رێڕەوە ئاوییەکانى باراناو دروست دەکرێن بە مەبەستی نەهێشتنی زیان و مەترسییەکانی لافاو، هەروەها بوونی سەرچاوەیەکى گرنگی ئاو بۆ کەرتەکانى کشتوکاڵ، گەشتیاری و ئاودێرى.

ئەو پۆندە هەرەوەزییانە له‌سه‌ر بنه‌مای رێنماییی پۆنده‌كان (ساڵی ٢٠٢٢) به‌ هاوبه‌شی لەنێوان حكومه‌ت، گوندنشین و جووتیاران دروست دەکرێن، بە مەرجێک کە سوودی گشتی لەبەرچاو بگیرێت.

باسی لەوەشکردووە کە هه‌رێمی كوردستان، بەهۆی گۆڕانی ئاووهەواوە رووبەڕووی گرفت دەبێتەوە، وەکوو دووباره‌بوونه‌وه‌ی وشكه‌ساڵی، كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاستی ئاوی ژێرزه‌وی و لێدانی زۆری بیره‌ قووڵه‌كان؛ به‌ گوێره‌ی رووپێوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی سه‌رچاوه‌كانی ئاو “نزیكه‌ی ٨٠٠ گوند مه‌ترسیی وشكبوونی سەرچاوەى ئاو و چۆڵبوونیان له‌سه‌ره‌”.

ئەوەش خراوەتەروو:” ئەم پرۆژەیە، سنوورێک بۆ‌ هەڵگۆزینی ئاوی ژێرزه‌وی دادەنێت و گلدانەوەى باراناو زیاتر دەکات، دەبێتە هۆکارێکیش بۆ مانەوەی گوندنشینان و چۆڵنەبوونى گونده‌كان.

کابینەی نۆیەم، بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئاوی هەرێمی کوردستان، ئەم کارانەی کردووە:

⁃ رەزامەندیی لەسەر دروستکردنی ٤١ پۆند داوە.

⁃ نۆ پۆندی بەشێوەی (ppp) دروست کردووە.

⁃ تێچووی دروستکردنی پۆندی لە ١.٦ ملیار دینارەوە بۆ ٠.٨ ملیار دینار کەم کردووەتەوە.

⁃ هەنگاوی بۆ ئەوە ناوە گوندەکان پێکەوە سەرچاوەی ئاوییان هەبێت.

⁃ ئاوی ژێرزەوی بووژاندووەتەوە، ئەویش بە دروستکردنی پۆند، گەڕاندنەوەی ئاوی سەرزەوی بۆ ژێرزەوی و قەدەغەکردنی لێدانی بیری نایاسایی.

Back to top button