مەسرور بارزانی : لە چل و حەفتەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم
مەسرور بارزانی ، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چل و حەفتەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە قارەمانەکان و هەموو تێکۆشەران و بەشدارانی شۆڕشەکە و خەڵکی کوردستان دەکات و رایدەگەیێنێت : یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی شۆڕشی گوڵان دروستبوونی هاوهەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان بوو.
دەقی پەیامی مەسرور بارزانی :
لە ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە قارەمانەکان و هەموو تێکۆشەران و بەشدارانی شۆڕشەکە و خەڵکی کوردستان دەکەم.
شۆڕشی گوڵان کە هەڵگر و درێژەپێدەری پەیام و ئامانجە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو بە رابەرایەتی بارزانیی نەمر، ئەگەرچی له رۆژگارێكی سهخت و دژواردا ههڵگیرسا، بەڵام لە ماوەیەکی کورتدا، بووە جێی هیوا و ئومێدی کوردستانیان و سەرکەوتنی سیاسی و سەربازی و دەیان داستانی قارەمانانەی لە خۆڕاگری و بەرگری تۆمار كرد و پەیامی درێژەپێدانی خەباتی گەلی کوردستانی لە پێناو بەرگریکردن لە بوون و ناسنامە و مافە رەواکانی، بە هەموو جیهان گەیاند.
یەکێک لە بەرهەم و دەسکەوتە گرنگەکانی شۆڕشی گوڵان، دروستبوونی ئاشتەوایی نیشتمانیی و یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی هێز و لایەنە کوردستانییەکان بوو، کە سەرەنجام بووە هۆی سەرکەوتنی سەرهەڵدانی جەماوەریی خەڵکی کوردستان لە ئاداری 1991 و پێکهێنانی دامودەزگا شەرعیی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کە پێویستە بە هەموو شێوەیەک، داکۆکیان لێ بکەین و بیانپارێزین.
لە چل و حەفتەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، رێز و پێزانینم بۆ خەبات و تێکۆشانی هەموو پێشمەرگە و بەشدارانی شۆڕشەکە هەیە و بە رێز و شکۆوە یادی شەهیدی سەرکردە ئیدریس بارزانی دەکەینەوە .
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان .
مەسرور بارزانی
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان