حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە

ئەمڕۆ هەینی 26ـی ئایاری 2023 حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاندراوێکی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، ئەو گۆڕانکارییانەی لە لایەن بەشێک لە ئەندامانی لێژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دژی هەرێمی کوردستان، لەسەر پرۆژە یاسای بودجە ئەنجامدران، نادەستووریین.
ئەوەش هاتووە: “ئەو گۆڕانکارییانەی لە لایەن بەشێک لە ئەندامانی لێژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە رێککەوتی 2023/5/25 دژی هەرێمی کوردستان، لەسەر پرۆژە یاسای بودجە ئەنجام دران، نادەستوریین و دژی رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵیین و هەروەها دژی پرەنسیپەکانی رێککەوتنی حکومەتی ئیدارەی دەوڵەت و بەرنامەی ئەو کابینەیەیە کە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگیان لەسەر دراوە.”
حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیشی كردووەتەوە: “ئێمە وەک حکومەتی هەرێم، بە هیچ شێوەیەک، ئەم ستەمکاری و پێشێلکردنەی مافەکانی خەڵکی کوردستان قبووڵ ناکەین و پابەندی هیچ بڕیارێکی تریش نابین جگە لەو رێککەوتنەی پێشتر لەگەڵ حکومەتی بەڕێز سوودانی کراوە.”