فراکسیۆنی پارتی : ئەمەی یەکێتی و نەیارانی هەرێمی کوردستان کردویانە پیلانێکی ژەهراوییە دژی هەرێمی کوردستان
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە کرا و دژی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە روونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و دەڵێ : دژی ئەم نادادی و غەدرە گەورەیە دەوەستینەوە کە لە خەڵکی کوردستان دەکرێت و هەوڵەکانمان لە پێناو چەسپاندنی مافە رەواکانی گەلەکەمان بەگەڕ دەخەین .
دەشڵێت: ئەمەی یەکێتی و نەیارانی هەرێمی کوردستان کردویانە پیلانێکی ژەهراوییە دژی هەرێمی کوردستان و هیچی لە خیانەتی ١٦ ی ئۆکتۆبەر کەمتر نییە ..
دەقی روونکردنەوەکەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق :-
بەداخەوە پێچەوانەی دەستور و پێچەوانەی ئەو دەقە نووسراوەی پرۆژە بودجەی عێراق بۆ ساڵانی ( ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥) کە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت رێکەوتنی لەسەر کرابوو ، هەروەها پێچەوانەی رێکەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ ، کۆمەڵێک پەرلەمانتاری لایەنەکان دەنگیان بە زیاد کردنی هەندێک بڕگەی نوێ بۆ هەردوو مادەی (١٣و ١٤) ی پرۆژە یاسای بودجە دا ، ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی دژی ئەم نادادی و غەدرە گەورەیە دەوەستینەوە کە لە خەڵکی کوردستان دەکرێت و هەوڵەکانمان لە پێناو چەسپاندنی مافە رەواکانی گەلەکەمان بەگەڕ دەخەین ..
ئەوەی بۆ ئێمە جێگەی سەرسوڕمانە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جارێکی تر وەک و تەنها حیزبی کوردی دەنگی خۆی خستە پاڵ ئەو دەنگانەی کە دژی مافە یاسایی و دەستوریەکانی خەڵکی کوردستان وەستانەوە ، بۆ ئەم دژ وەستانەوەشیان بەرامبەر مافە دەستوری و یاسایەکانی خەڵکی کوردستان دەیانەوێت پاسا و بەوە بهێننەوە گوایە پشتگیری گەڕانەوەی بەشێک لە مووچە پاشەکەوت کراوەکانی فەرمانبەرانی کوردستان دەکەن ! ئەمە خۆڵکردنە چاوی خەڵکە و دەمانەوێت بۆ هەموو لایەکی روونبکەینەوە کە ئەگەر یاسایی بودجە وەک و ئەوەی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق یەکێتی نیشتیمانی و هەندێک لایەنی تر دەنگیان بۆ داوە تێبپەڕێت ، ئەوا نەک پاشەکەوت ناگەڕێتەوە بەڵکو چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و سەرجەم شایستە دارایەکانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە مەترسییەکی گەورەوە !
هۆکاری یەکەمی پاشەکەوتکردنی بەشێک لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ بڕینی بودجەو شایستە دارایەکانی هەرێم لە لایەن بەغدادەوە دەگەڕێتەوە ، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئێمەش لە فراکسیۆنی پارتی لە هەوڵی جدیدا بووین بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق پابەندێتی خۆی سەبارەت بە دانەوەی بەشێک لە مووچەی پاشەکەوت کراوی فەرمانبەرانی هەرێم جێبەجێبکات ، وە لە حاڵەتێکدا ئەگەر حکومەتی عێراقی فیدراڵ ئەم پابەندیە ئەخلاقیەی خۆیشی جێبەجێ نەکردایە ئەوە بەدڵنیاییەوە لە داهاتوو حکومەتی هەرێم خۆی پلانی بۆ دانەوەی پاشەکەوتی فەرمانبەرانی هەرێم دەبوو .
ئەمەی یەکێتی و نەیارانی هەرێمی کوردستان کردویانە پیلانێکی ژەهراوییە دژی هەرێمی کوردستان و هیچی لە خیانەتی ١٦ ی ئۆکتۆبەر کەمتر نییە ..
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان
لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٢٧ی٥ی٢٠٢٣