نێچیرڤان بارزانی، لەبارەی گۆڕانکارییەکان لە پڕۆژەیاسای بودجە پەیامێکی بڵاو کردەوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی گۆڕانکارییەکان لە پڕۆژەیاسای بودجە پەیامێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند، ئه‌زموونه‌كان سه‌لماندوويانه‌ كه‌ مامه‌ڵه‌كردن به‌ لۆژيكى هێز و زۆرينه‌ و كه‌مينه و پێشێلكردنى ماف و شايسته‌كانى پێكهاته‌كانى عێراق‌، هيچ كاتێك ئارامى و سه‌قامگيرى بۆ وڵات نه‌هێناوه‌ و ناهێنێت.

دەشڵێت: به‌ نيگه‌رانييه‌كى قووڵه‌وه‌ له‌ ده‌ستكارى و گۆڕانكارى له‌و بڕگانه‌ى پرۆژه‌ياساى بودجه‌ى عێراق ده‌ڕوانين كه‌ په‌يوه‌ندييان به‌ مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ هه‌يه.

دەقی پەیامەکە:-

بە نیگه‌رانييه‌كى قووڵه‌وه‌ له‌ ده‌ستكارى و گۆڕانكارى له‌و بڕگانه‌ى پرۆژه‌ياساى بودجه‌ى عێراق ده‌ڕوانين كه‌ په‌يوه‌ندييان به‌ مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ هه‌يه و يه‌كجارى ره‌تيان ده‌كه‌ينه‌وه‌‌. ئه‌م هه‌نگاوه‌ دروستكردنى به‌ربه‌سته‌ له‌به‌رده‌م پرۆژه‌ياساى بودجه‌ كه‌ هه‌موو عێراقييه‌كان به‌ ئومێده‌وه‌ چاويان لێيه‌ بۆ ماوه‌ى سێ ساڵى داهاتوو په‌سه‌ند بكرێت.

پابه‌ندى به‌ رێككه‌وتنى سياسيى هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ته‌وه‌، بنه‌ماى ئارامى و سه‌قامگيريى سياسيى عێراق و هه‌نگاوى دروسته‌ به‌ره‌و داهاتوويه‌كى باشتر بۆ وڵات و ته‌واوى پێكهاته‌كانى. بازدان به‌سه‌ر لێكگه‌يشتن و رێككه‌وتنه‌كاندا و هه‌وڵدان بۆ پێشێلكردنى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، مامه‌ڵه‌يه‌كى ته‌واو ناكۆكه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسياريه‌تيى نيشتمانيدا و جگه‌ له نائومێدى و ئاڵۆزكردنى سه‌قامگيريى دۆخى سياسيى وڵات، هيچى ديكه‌ى ‌لێناكه‌وێته‌وه‌ و زيان به‌ ته‌واوى عێراق ده‌گه‌يه‌نێت.

رابردوو و ئه‌زموونه‌كان سه‌لماندوويانه‌ كه‌ مامه‌ڵه‌كردن به‌ لۆژيكى هێز و زۆرينه‌ و كه‌مينه و پێشێلكردنى ماف و شايسته‌كانى پێكهاته‌كانى عێراق‌، هيچ كاتێك ئارامى و سه‌قامگيرى بۆ وڵات نه‌هێناوه‌ و ناهێنێت، بۆيه‌ داوا له‌ هه‌موو لايه‌ك و به‌تايبه‌تى لايه‌نه‌كانى هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ين، پابه‌ندى رێككه‌وتنه‌كان بن و هه‌موومان له‌ ئاستى به‌رپرسياريه‌تيدا ره‌فتار بكه‌ين، لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كانيش ده‌بێ يه‌كڕيز و ته‌با به‌رگرى له‌ مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانمان بكه‌ن.

دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور ئاماده‌ى چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو كێشه‌كانه‌ و ئه‌زموونى چه‌ند مانگى رابردووى پێكه‌وه‌كاركردن و لێكگه‌يشتن و ته‌بايى له‌نێوان هێز و لايه‌نه‌ عێراقييه‌كاندا و كاركردن به‌ رێككه‌وتنى پێكهێنانى حكومه‌تى فيدراڵى، مايه‌ى خۆشحاڵيى گه‌لى عێراق و دۆسته‌كانى بوو، بۆيه‌ ده‌بێ بره‌و به‌و ئاراسته‌يه‌ بدرێت و رێگه‌ نه‌درێت كه‌سانێك ببنه‌ هۆى به‌لاڕێدابردنى رێككه‌وتنه‌كان و ئاڵۆزكردنى دۆخه‌كه‌.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2023/5/26

Back to top button