وتاری سەرۆک بارزانی لە دیداری یەکەمی کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە لۆزان خوێندرایەوە
رۆژی شەممە 27ی ئایاری 2023 وتاری سەرۆک مەسعود بارزانی لە لایەن بەڕێز شفاء بارزانی سەرپەرشتیاری گشتی رەوەندی کوردستانی لە دیداری یەکەمی کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە لۆزان خوێندرایەوە،
دەقی وتاری سەرۆک مەسعود بارزانی
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەڕێزان نوێنەر و ئەندامانی كۆنفیدراسیۆنی رەوەندی كوردستانی
میوانانی بەڕێز
ئامادەبوانی قەدەرگران
زۆر بەخێر بێن
زۆر سوپاسی رێكخەرانی ئەو دیدارە گرنگە دەكەم، ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاوی كەسایەتی سیاسی و نوخبەی كوردستانی و ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەسەر رووداوێكی مێژوویی و لە شوێنێكی مێژوویی، هەنگاوێكی گرنگ و پێویستە، بەتایبەتیش رووداوەكە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر چارەنووسی گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەجێهێشتووە. ئێمە لە كاتێكدا لێرە كۆبووینەتەوە كە سەد ساڵ بەسەر رێككەوتننامەی (لۆزان)ـدا تێدەپەڕێت.
كاریگەریی و دەرهاوێشتەكانی رێككەوتنی لۆزان لەسەر چارەنووسی گەلی كوردستان لە هەژمار نایەت و تژییە لە كارەسات و بێبەشبوون و پەراوێزخستن و نكۆڵیكاری. زیانمەندی سەرەكیی ئەو رێككەوتننامەیەش گەلی كوردستان بوو. چونكە رەچاوی مافە بنەڕەتییەكان و ئیرادەی ئەو گەلە نەكرا كە هەزاران ساڵە ریشەی لە خاك و جیۆگرافیای ناوچەكەدا هەیە. رێككەوتنی لۆزان لە یاددانی كورددا هەمیشە مانای زوڵم و بێبەشكردن و دەستپێكی سەردەمێكی تاریك دەدات.
لە رێككەوتننامەی (سیڤەر)ـدا كە سێ ساڵ بەر لە رێككەوتننامەی لۆزان لە ئابی 1920 مۆر كرابوو، رێگەی ئەوە هەبوو كورد بتوانێ بە مافی سەربەخۆیی شاد ببێت كە مافێكی رەوا و رەهای هەر نەتەوەیەكە بەڵام لە رێككەوتننامەی (لۆزان)ـدا ئەو ئومێدەی كورد كوژایەوە و كۆتوبەندی دژواری بۆ دانرا. لەدەرئەنجامدا چارەنووسی گەلی كوردستان بە چارەنووس و یاسا و كڵێشەی ئەو دەوڵەتانە بەسترایەوە كە بەسەریاندا دابەشكرابوو.
لێكەوتە و كاریگەرییەكانی رێككەوتننامەی لۆزان، پێشكەوتن و پێكەوەژیان و تەبایی بۆ گەلانی ناوچەكە بەدی نەهێنا و بە تایبەتی بۆ گەلی كوردستان بووە هۆی سەپاندنی واقعێكی ناتەندروست و ناسروشتی. واقعی دروستكراوی دوای لۆزان بارودۆخێكی جیۆسیاسیی زۆر ئاڵۆزی دروست كرد و دەرگەی بۆ ناسەقامگیرییەكی دوورودرێژ لە ناوچەكەدا كردەوە. كێشانی سنووری تازە و دابەشكردنی كوردستان وایكرد هەر بەشێكی كوردستان تایبەتمەندیی خۆی وەربگرێت. بە داخەوە لە هیچ پارچەیەك دان بە مافە رەواكانی كورد نەنرا و نكۆڵی لە هەبوونی كرا. لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە چەوتەی دەوڵەتانی ناوچەكە، كورد كەوتە بەرگریكردن لە خۆی و ناسنامەی خۆی و ململانێیەكی دوورودرێژ دەستی پێكرد كە هەتا ئێستاش هەر بەردەوامە. لەو ململانێیەدا نە دەوڵەتەكان توانیان گەلی كوردستان لەناو بەرن و نە كوردیش توانی ئەو دەوڵەتانە بڕووخێنێ كە كوردی بەسەردا دابەش بووە. لەمەدا زەرەرمەندی سەرەكی گەلانی ناوچەكە و ئاشتی و سەقامگیری بوون. هەروەها خوێنێكی زۆر رژا و كات و وزەی زۆریش بەفیڕۆ رۆیشت.
بە داخەوە سەرجەم ئەو دەوڵەتانەی كە كوردستانیان بەسەردا دابەشكرابوو بە شێوازی جۆراوجۆر دەستیان بۆ پلانی گۆڕینی دیموگرافی و سیاسەتی نكۆڵیكردن و سەركوتكردن و تواندنەوەی گەلی كورد برد. هەروەك گوترا گەلی كورد لەبەرانبەر ئەو زوڵمەدا بێدەنگ نەبوو و رێگەی شۆڕش و سەرهەڵدان و ناڕەزایەتی لە شوێنە جیاجیاكانی كوردستان گرتەبەر. چارەنووسی ئەو بەشەی كوردستانیش كە بە دەوڵەتی عێراقەوە لكێندرابوو، پڕ بوو لە كارەسات و تڕاژیدیا. تەنانەت كار گەیشتە ئەوەی حكومەتەكانی عێراق لە سەدەی بیستەمدا پلانی تواندنەوەی گەلی كوردستان لە چوارچێوەی سیاسەتی تەعریب و راگواستن و ئەنفال و كیمیاباران و جینۆسایددا جێبەجێ بكەن.
بەڵام گەلی كوردستان و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد لەبەرانبەر ئەو رەفتارە دڕندانەیەی رژێمەكانی عێراق خۆی بەدەستەوە نەدا و دلێرانە رووبەڕووی سیاسەتی نامرۆڤانە و شۆڤینیانەی حكومەتەكانی عێراق بوویەوە. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا لە عێراقدا لەچاو وڵاتانی تر، دەرفەتی ڕێككەوتن و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی دۆزی كورد زیاتر بووە و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد لەو بەشەی كوردستاندا گەشەی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە.
ئەم واقعە ناتەندروستە سەدساڵەیە كە زیان و ناسەقامگیریی بەدوای خۆیدا هێناوە پێمان دەڵێت دەبێ هەر دوولا (هەم دەوڵەتانی ناوچەكە و هەمیش لایەنە كوردیەكان) پێداچوونەوە بە بەرنامە و ستراتیژی خۆیاندا بكەن. لەبری شەڕ و گرژی بیر لە چارەسەری دیموكراتی و ئاشتیانە بكەنەوە. هەر بەم پێیەش دەبێ كێشەی هەر پارچەیەك بەپێی تایبەتمەندییەكانی خۆی و بارودۆخی خۆی لە چوارچێوەی دیالۆگ و ئامرازی ئاشتیانە و دیموكراتیانەدا چارەسەربكرێت.