هێمن هەورامی: مێژوو سەلماندوویەتی هەمیشە هەوڵی خۆفەرزکردن و بەکارهێنانی لۆژیکی هێز ئەنجامی پێچەوانەی لێکەوتووەتەوە
جێگری سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند، دەستبردن بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان هەڵەیەکی گەورەی دووبارەبووەوەیه
هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بە نیگەرانییەکی زۆر لە هەوڵی ژمارەیەک پەرلەمانتار لە لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڕوانین. دەستکاریکردنی ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان و دەستبردن بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان هەڵەیەکی گەورەی دووبارەبووەوەیه. مێژوو سەلماندوویەتی هەمیشە هەوڵی خۆفەرزکردن و بەکارهێنانی لۆژیکی هێز ئەنجامی پێچەوانەی لێکەوتووەتەوە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمان گوتی، هێز و لایەنە سیاسییەکان دەبێ لەوە تێبگەن کە ماف و ئەرکی هاووڵاتییان و بەشێکی وڵات بەخۆ لە بۆسەدانان و دانانەوەی مینی سیاسی وەدینایەت، بەڵکو ماڵوێرانی زیاتری بەدوادادێت.
هەورامی زیاتر دەڵێ، خەڵکی کوردستان و هەموو عێراق دڵخۆش و ئاسوودەبوون بە وپێشڤەچوون و لەیەکنزیکبوونەوەی هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێم، ئومێدێکی گەورە بۆ کۆتاییپێهێنانی کێشەکان لە ئارادابوو، بەڵام وەک هەمیشە چەند تاقمێک دووبارە دەیانەوێت بمانگێڕنەوە بۆ خاڵی سەرەتایی کێشەکان، ئەوان نان و ژیانیان هەر لە گێژاو دەستدەکەوێت، دەزانن بە چارەسەری ئاشتیانە و کۆتایی قەیرانەکان راستیی ئەوانیش دەردەکەوێت و کۆتاییان پێدێت.
باسی لەوەش کردووە، لێرەوە داوا لە حکومەت و پەرلەمانی عێراق دەکەین نیازپاکیی خۆیان بسەلمێنن و بەپێی رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەت کۆتایی بەو کێشانەش بهێندرێت و ئاهێکی ئاسوودەی بە دڵی هەموو خەڵک بهێندرێت. پێویستە هەموو ئەو لایەنانەی کە بەشداربوون لە پێکهێنانی حکومەت، پابەندی بەڵینەکان بن و بەڵێنەکانیان ببەنە سەر.
لەکۆتایدا دەڵێ، دووپاتیدەکەینەوە، کە تاکە چارە لە رێگەچارە دیموکراتییەکان به لەیەکتێگەیشتن و گفتوگۆ وەدیدێت، هەرگیز هێز و مامەڵەکردن بە لۆژیکی هێز سەرکەوتوو نابێت.