مه‌سرور بارزانی‌: لە دەشتی زرارەتی هەولێر شۆفێری دەڕاسە دەکات و گەنم دەدورێتەوە

ئەمڕۆ شەممە 27ـی ئایاری 2023 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، کە هاوکات لەگەڵ پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان لە دەشتی زرارەتی پارێزگای هەولێر بەشداری لە دروێنەکردنی دانەوێڵەی جووتیاراندا کردووە.

مەسرور بارزانی رایگەیاندووە، ئەمڕۆ سەردانی دەشتی زرارەتیمان لە پارێزگای هەولێر كرد و لە نزیکەوە، لە بارودۆخی جووتیارانم پرسی و بەشداریمان لە دروێنەکردنی دانەوێڵە لەم دەڤەرە کرد کە هاوکاتە لەگەڵ پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکومەت دەشڵێت: لە دانیشتنێکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە جووتیارانی دەڤەرەکە، جەختمان لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵی دەخاتە گەڕ لەپێناو گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ و بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیارانی کوردستان، بە شێوەیەک کە نابێت خەمی ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان هەبێت.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بە ئەو گۆڕانکارییانەش کردووە کە لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵیدا کراون و دەڵێت: ناپاکی و ستەمکاری و پیلانگێڕییە لە دژی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە هەموو شێوەیەک رووبەڕووی ئەو پیلانگێڕییە دەبینەوە و ناهێڵین سەر بگرێت. ئەوەی جێی داخە ئەو دەستە ناوخۆییەیە کە بەشدارە لەم پیلانگێڕییە. لەوەش خراپتر، کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بە دەستکەوت بۆ خۆیان بزانن. بەڵام دڵنیاتان دەکەینەوە ئەمە هەوڵێکی نەزۆکە و سەر ناگرێت.

Back to top button