رۆژنامەی فەرمیی عێراقی، راگرتنی کارەکانی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی راگەیاند

دوای نووسراوی فەرمی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، رۆژنامەی فەرمیی عێراقی، راگرتنی کارەکانی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی راگەیاند

رۆژنامەی (الصباح)ی سەر بە حكومەتی عێراق کە رۆژمامەیەکی فەرمییە رایگەیاند، لەسەر داوای شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كارەكانی راگرتووە،

لەبارەی هۆکارەکەش رۆژنامەکە رایگەیاندووە:” هۆكارەكە ئەوەیە كە ژمارەی ئەندامانی لێژنەكە 24 كەسە، لە كاتێكدا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق، پێویستە ژمارەیان لە 23 كەس زیاتر نەبێت.

هاوکات سەعد عەواد، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە، نووسراوەكەی شاخەوان عەبدوڵڵایان پێگەیشتووە و كارەكانیان راگیراوە.

باسیشی لەوە كردووە كە ئەوان كارەكانی خۆیان لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق تاڕادەیەك تەواو كردووە و نزیك بوون لەوەی كە یاداشتی كۆتایی خۆیان لەبارەی یاسای بودجە رەوانەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكەن.

Back to top button