شاندێکی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دەچێتە ئێران

بڕیارە شاندێکی هەرێمی کوردستان کە لە پارێزگار و سەرپەرشتاری ئیدارە سەربەخۆکان پێک دێن، بە سەردانێکی فەرمی بچنە ئێران و سێ رۆژ بمێننەوە، لە کۆبوونەوەکانیشدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری بازرگانی بەشداری دەکات.

سابیر حوسێن، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێر، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستانی راگەیاندووە: “شاندەکە کۆتایی ئەم مانگە (ئایار) دەچنە ئێران و لەوێش سەردانی شاری ورمێ دەکەن، بڕیاریشە سێ رۆژ لەو شارە بمێننەوە و چەندین کۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی ئەو شارە بکەن”.

ژمارەیەک شاندی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، یاوەریی شاندەکەی هەرێمی کوردستان دەکەن و لە کۆبوونەوەکاندا پارێزگارانی ورمێ، کرماشان و سنە بەشداری دەکەن.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێر باسی لەوەش كردووە: “سەردانەکە بۆ پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێرانە لە بواری کولتووری و ئابووری”.

ئەمە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەگەڵ وڵاتی دراوسێ پەیوەندییەکانی پتەوتر بکات و هەماهەنگیی زیاتری کارگێڕی و ئابووری لە نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و شارەکانی وڵاتانی دراوسێدا بکات.

Back to top button