هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی دانیشتنی پەرلەمان بڵاوکردەوە

ئەمڕۆ دووشەممە 29ـی ئایاری 2023، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، روونكردنەوەیەكی لەبارەی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستانی لە 22ـی ئایار بڵاوکردەوە کەتیایدا سەرجەم وردەکاری راستییەکانی خستووەتەڕوو.

ئەمەش دەقی روونكردنەوەكەیە:

پاشخانی بابەتەكە

پرسی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان ڕاپرسی هەرێمی كوردستان و ھەموواری یاسای ھەڵبژاردن، یەك لە بابەتە ھەرە گرنگ و لە پێشنەكانی بەردەم كاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بوون. ھەوڵ و ھیمەتی ھەموو لایەكیشمان بۆ ئەوە بوو بە پشوویەكی درێژەوە، خاڵی ھاوبەشی نێوان سەرجەم فراكسیۆنەكان بدۆزینەوە و بنەمای سفر یان ١٠٠ لە بیركردنەوە و جووڵەی فراكسێۆنەكان زاڵ نەبێت بەسەر لۆجیكی دیالۆگ و لێكتێگەیشتندا.

لەو پێناوەشدا و لە پێناوی ئەوەی كە ئەو زەمینەسازییە سیاسییە لەبارە بهێنرێتە ئاراوە كە ئەم پرسە نیشتیمانیانە بەپێی رێككەوتن و گرتنەبەری رێوشوێنە یاسایی، پەیڕەوی و پەرلەمانییەكان، هەنگاوەكانیان بۆ بگیرێتە بەر، لە رێكەوتی 3ـی 11ـی 2021 ـەوە، واتە ساڵێك بەر لە كۆتایی ھاتنی وادەی خوولی پێنجەمی پەرلەمان، كۆبوونەوە و دیداری فراكسیۆنەكان لەسەر پرسی ھەموواری یاسای ھەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن دەستیان پێكرد. پێش ئەم رێكەوتەش، خوودی كۆمسیۆن بە سێ نوسراوی جودا به نووسراوەكانیان (ژ. 76 له 5 ـی 8 ـی 2019) و (ژ. 62 له 4ـی 8ـی 2021) و (ژ.13 لە 3ـی 3ـی 2022)، داوای لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردبوو كە چارەنووسی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆن یەكلایی بكەنەوە، بەو پێیەی لە مانگی 12ـی 2019 ـەوە وادەی یاسایی ئەنجومەنی كۆمسیاران كۆتایی ھاتبوو، سەرباری ئەوەش شوێنی دوو كۆمسیار بە بەتاڵی مابوویەوە.

دوای چەندین ھەوڵ و دانیشتن بە داخەوە فراكسیۆنەكان نەگەیشتنە لێكتێگەیشتنی ھاوبەش. گفتوگۆكانیش كاتی زۆری خایاند، بە جۆرێك كە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی لە وادەی یاسایی خۆیدا زەحمەت و ئەستەم كرد. سەرەنجامیش لەپێناو رێگریكردن لە دروستبوونی بۆشایی یاسایی و دامەزراوەیی، بە ناچاری، بە دەنگی زۆرینەی ھەرە زۆری ئەندامانی پەرلەمان یاسای بەردەوامبوونی خوولی پێنجەمی پەرلەمان ژمارە (12)ـی ساڵی 2022، تا 31 ـی 12ـی 2023 دەنگی لەسەر درا. پاساوی یاسایی دەرچوواندنی ئەم یاسایە گرتنەبەری سەرجەم رێكارە یاسایی و ئامادەسازییەكان بوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان. ئەمەش بەروونی لە ھۆیەكانی دەرچووانی یاساكەدا، جێگیر كراوە.

لە كاتێكدا، هەوڵە فرەلایەنەكان بۆ رەخساندنی زەمینەسازییە هەمەلایەنەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەر بەردەوام بوون، هاوتەریب هەوڵەكانی دروستكردنی بەربەستی زیاتر و دۆزینەوەی بەهانەی یەك لە دوای یەك بۆ خۆدزینەوە و ملنەدان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و لابردنی بەربەستەكانی بەردەمی پرۆسەكە، بەردەوام بوون.

كاتێكیش كە گرتنەبەری رێكارە پەیڕەوییەكان تەوەری كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی كۆمسیاران بۆ بەرنامەی كاری دانیشتنی ژمارە (4)ـی ئاسایی لە رێكەوتی 22ـی 5ـی 2023ـدا، زیاد كرا، هەر بەگوێرەی بنەما و رێكارە پەیڕەوییەكانیش، بڕگەكە جێبەجێ كراو بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، بەگوێرەی بڕیارەیاسای ژمارە (10)ـی ساڵی 2023، ئەنجومەنەكە كارا كرایەوە. بەدوای ئەوەشدا رێكارە تەواوكارییەكانی جێبەجێكردنی بڕیارەكە گیرانەبەر. بڕیارەكە لە رۆژنامەی فەرمی “وەقایعی كوردستان” ژمارە (305) لە 23 ـی 5ـی 2023ـدا بڵاو كرایەوە. هەردوو كۆمسیارە نوێیەكەش لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەریدا لە 28ـی 5ـدا سوێندی یاساییان خوارد و بەگوێرەی فەرمانی ژمارە (1603) لە رێكەوتی 28ـی 5ـی 2023ـدا، دەستبەكاربوون. كە ئێستا بەشێوەیەكی پەیڕەویی و یاسایی ئەنجومەنی كۆمسیاران كارا كراوەتەوە، لەمپەرێكی سەرەكی بەردەم ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن، نەهێڵدراوە.

لەپێناو روونتركردنەوەی راستییەكان و دەرخستنی حەقیقەتەكانی پەیوەست ئەم پرسە نیشتیمانییە گرنگە، بەپێویستی دەزانم بەشێك لە راستی و بەڵگەكانی پەیوەست بەو بابەتە بۆ ڕای گشتی كوردستان روونبكەمەوە. هەندێك بابەت و وردەكاری و پیلان بۆ تێكدانی دانیشتنەكە و سەرنەگرتنی ئەم هەوڵە هەن، با بمێنن بۆ كاتی خۆی.

هەوڵەكان بۆ لابردنی لەمپەرەكان لە دانیشتنێكی نائاسایی و كردنەوەی وەرزی بەهارەدا

لە پێناو رەخساندنی ئەو زەمینە سیاسییەی كە پرۆسەی هەڵبژاردن پێویستییەتی و نزیككردنەوەی بۆچوونە سیاسییە جیاوازەكان لەبارەی پرسەكانی پەیوەست بە پرۆسەی هەڵبژاردن، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە راگەیەندراوی فەرمی كۆبوونەوەی رۆژی 18ـی 1ـی 2023 ـدا ئامادەیی پارتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە شێوازی فرەبازنەیی (4 بازنەیی)، بەكارهێنانی تۆماری بایۆمەتری عێراق بە پێداویستییەكانیەوە و داتاكانی وەزارەتی بازرگانی و پلاندانانی عێراقیش بكرێنە بنەما.

بەم هەنگاو و دەستپێشخەرییە، مەودای جیاوازی بۆچوونەكان لە سەر ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن بە رێژەی ٩٥٪‏ كەمكرایەوە. سەبارەت بە پێكهاتەكانیش ھەڵوێستی فەرمی؟پارتی ئەوە بوو كە پێكھاتەكان خۆیان لەگەڵ “یۆنامی” لەسەر ھەر فۆرمولەیەك رێكبكەون، پارتی پێشوازی لێ دەكات.

دوای ئەم هەڵوێست و ھاتنەپێشەی پارتی و نیازپاكیە، ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان داوای كۆبوونەوەیەكی دەستەی سەرۆكایەتی و سەرۆكی فراكسیۆنەكانی بەشدار لە كابینەی نۆیەممان كرد. لە 19ـی 2ـی 2023 لە نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمان ئەو كۆبوونەوەیە بەرێوەچوو. لە كۆبوونەوەكەدا، داوام كرد كە ئێمە پێش 1ـی 3 ،كە رۆژی كردنەوەی وەرزی بەھارەیە، دانیشتنێكی نائاسایی پەرلەمان ئەنجام بدەین بۆ دوو بابەت:

1- خوێندنەوەی یەكەم بۆ ھەموو ئەو پێشنیازەیاسایانەی بۆ ھەموواری یاسای ھەڵبژاردن كە پێشتر پێشكەشكراون، واتە پرۆژەكانی یەكێتی و گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ و نەوەی نوێ و بزووتنەوەی ئاشوری.

2- كۆمسێۆن كارا بكەینەوە و بۆ ئەوەش بە پێی یاسای كۆمسیۆن لێژنەیەك بۆ وەرگرتنی سیڤی شوێنە بەتاڵەكان لەو كۆبوونەوە نائاساییەی پەرلەمان دروست بكەین.

داواشمان كرد كە لەم كۆبوونەوە نائاساییەدا، خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازەیاساكان دەكەین و خەسڵەتی بەپەلەش دەدەینە پێشنیازەكان بۆ ئەوەی دەستوبردیان تێدا بكرێت و  لە دانیشتنی 1ـی 3ـدا، دانیشتنی كردنەوەی وەرزی بەھارە، خوێندنەوەی دووەمیان بۆ بكەین و پاشان لە دانیشتنی دوای ئەوەدا، ھەم دەنگ بە ھەموواری یاساكە بدەین ھەم دەنگیش بە كاراكردنەوەی ئەنجومەنی كۆمسیاران و هەڵبژاردنی دوو كۆمسیاری نوێ بۆ پڕكردنەوەی شوێنە بەتاڵەكان، بە ئەنجام بگەیەنین.

بۆ مێژوو، سەرۆكی پەرلەمان لەگەڵ ئەوە بوو كە ئاساییە دانیشتنە نائاساییەكە ئەنجام بدرێت و خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازەیاساكان بكرێ، بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ئەم پێشنیازە پەسەند نەكرد و داوای كرد كە مۆڵەتی چەند رۆژێكیان بدرێتێ بۆ ئەوەی بچنەوە سلێمانی و لەگەڵ قیادەی خۆیان تاوتوێی بكەن. ئێمە ئەوكات پێمان راگەیاندن كە ئەگەر ئێستاش ئەو دانیشتنە نائاساییە نەكرێت، خۆ دەبێت ئەم دوو بابەتە لە بەرنامەی كاری دانیشتنی كردنەوەی وەرزی بەهارەدا هەبن.

پاش چەند رۆژێك، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی و جێگرەكەی ھاتنەوە لای من و لە نوسینگەی خۆم داوایان كرد كە بۆ دانیشنتی 1ـی 3 ئەو دوو پرسە نەخرێنە بەرنامەی كارەوە، چونكە هەوڵێك هەیە كە هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی كۆبوونەوەیەكی خێرا بكەن و خاڵە هاوبەشەكان كۆنووس بكەن، پاشان ئەو خاڵە هاوبەشانە لە پەرلەمان كاریان لەسەر بكرێت. من ئیتر لەوەوە تێگەیشتم كە سەرۆكی پەرلەمان “ئۆكەی” حیزبەكەی لا نییە بۆ ئەوەی نە دانیشتنە نائاساییەكە بكرێت، نە ئەو دوو بابەتە گرنگەش بخرێنە بەرنامەی كاری دانیشتنی كردنەوەی وەرزی بەهارەوە، بەڵام دیسان لە پێناوی پێدانی دەرفەتێكی دیكە و هەماهەنگی هاوبەش، رەزامەند بووین كە ئەو دوو بابەتە نەخرێنە بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی 1ـی 3 ـوە.

بۆچی تەنانەت لێژنەی یاساییش خوێندنەوەی بۆ پێشنیازەیاساكان نەكرد؟

لەگەڵ دەستپێكی وەرزی بەھارەدا، فراكسیۆنی پارتیش پێشنیازەیاسای ھەموواری یاسای ھەڵبژاردنی پێشكەش كرد. هاوكات لێژنەی یاساییش، رۆژی یەكشەممە 12ـی 3 ـی 2023 رایانگەیاند كە 13ـی 3 كۆبوونەوەی لێژنە دەكرێت بۆ ئەوەی پێشنیازەیاساكانی، كە بۆ هەموواری یاسای هەڵبژاردن لەلایەن یەكێتی و پارتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو و نەوەی نوێ و بزووتنەوەی ئاشوری، پێشكەشكراون، ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتی بكەن تا لە نزیكترین دانیشتندا (بڕیار درا بوو كە چوارشەممە 15ـی 3 دانیشتنی پەرلەمان بكرێت) بخرێنە بەرنامەی كارەوە و خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ بكرێت.

ھەڤاڵانی یەكێتی، ھەم لە فراكسیۆن ھەم لە لێژنەی یاساییش رازی نەبوون تەنانەت لە لێژنەی یاساییش كۆبوونەوە لەبارەی پێشنیازەیاساكانەوە بكرێت. سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی بە سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی وتبوو ئەو دانیشنتەی لیژنەی یاسایی ببێت، كاریگەری لەسەر كۆبوونەوە بڕیارلێدراوەكەی پەرلەمان لە 15ـی 3ـشدا دەبێت. جارێكی دیكە، هەر لە پێناو پێدانی دەرفەتێكی دیكە و رەخساندنی زەمینەیەكی دیكە بۆ رێككەوتنی هاوبەش، ئەو كۆبوونەوەیەی لێژنەی یاساییش ئەنجام نەدرا.

گرتنەبەری چەند هەنگاوێكی گرنگی پەیوەست بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن

پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی ژمارە (2)ـی ئاسایی خۆی لە رێكەوتی 15ـی3ـی2023ـدا بە بڕیاری ژماره ‌(8)، لیژنەیەكی پەرلەمانی لە 5 كەس پێكهێنا، كە تایبەت بوو بە وەرگرتنی ناو و سیڤی كاندیدان بۆ پڕكردنەوەی دوو پۆستە بەتاڵەكەی ئەنجومەنی كۆمسیاران. بەدوای ئەوەشدا جەنابی سەرۆكی هەرێم (كاك نێچیرڤان بارزانی) لە 26ـی 3ـدا بە  فەرمانی هەرێمی ژمارە 90 بە ئەركی یاسایی خۆی هەستا و 18ـی 11ـی 2023 ـی وەك رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان دیاری كرد.

دوابەدوای ئەوەش جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێم (كاك مەسروور بارزانی)ـیش بەفەرمانی ژمارە (1472) لە 16ـی4ـی2023 ـدا ئامادەیی حكومەتی بۆ دابینكردنی سەرجەم پێداویستیەكانی كۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان دەربڕی.

هەموو ئەمانە لە كاتێكدا بوون كە دانیشتنی دادگای فیدڕاڵ لەمەڕ تانەكانی كە لە یاسای ژمارە (12)، یاسای بەردەوامبوونی خوولی پێنجەمی پەرلەمان درابوون، بەڕێوە دەچوون. ئەمەش پێویستی دەكرد كە پەرلەمانی كوردستانیش بە ئەركی یاسایی و مێژوویی خۆی هەستێت و هەنگاوەكانی خۆی چڕ بكاتەوە و ئامادەكاری بۆ ئەگەر و سیناریۆكانی لەمەڕ بڕیاری چاوەڕوانكراوی دادگای فیدڕاڵی ئامادە بكات. بەڵام بەداخەوە رێگری لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان دەكرا.

چەندین جاری دیكە داوامان كردەوە كە دانیشتنی پەرلەمان بكرێ و بابەتی خوێندنەوەی یەكەم بۆ ھەموواری یاسای ھەلبژاردن بكەین و دانیشتن بۆ خوێندنەوەی دووەم بكەین و لە دانیشتنی دەنگدان بۆ ھەموواری یاسا، دەنگ بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بدەین، بەڵام بەداخەوە نە سەرۆكی پەرلەمان و نە فراكسیۆنی یەكێتی دوا بریار و ئۆكەی حیزبەكەیان لا نەبوو، بۆیە نەدەتوانرا دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت.

ئەمە لە كاتێكدا، كە پێشتر و لە كاتی چوونمان بۆ سلێمانی لە 28 ـی 1ـی 2023 و كۆبوونەوەمان لەگەڵ شاندی یەكێتی، لە ناو كۆبوونەوە چەندین جار تكا و رجام لە برایانی یەكێتی كرد رێگە بە سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنی یەكێتی بدەن دانیشتنی پەرلەمان بۆ خوێندنەوەی یەكەمی ھەمووارەكان كە پرۆژەی خۆتانە و كاراكردنەوەی كۆمسێۆن وەك خۆی كە رێككەوتنی ھەموو فراكسێۆنەكانە جێبەجێ بكرێ، بە داخەوە ھیچ بە پیرەوە ھاتنێكمان لێ نەبیبینین.

دوای ئەوەی دادگای فیدرال دانیشنتنی بڕیاردانی لەبارەی یاسای ژمارە (12)ـیەوە بۆ 3ـی 5ـی 2023 دوا خست، چەند جارێكی دیكە داوامان كرد كە سوود لەم دەرفەت پێدانە وەربگرین و ھەر ھیچ نەبێت خوێندنەوەی یەكەم بكرێ و كۆمسیۆن كارا بێت بۆ ئەوەی بۆ خەڵكی كوردستان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دادگای فیدراڵێش بسەلمێنین كە بەردەوامی خوولی پەرلەمان بۆ ئەم ھەنگاونانە یاساییانەیە كە پرۆسەی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، پێویستیەتی. بەڵام بە داخەوە ھیچ وەڵامێكی پۆزەتیڤمان لە برایانی یەكێتی، نە لەناو پەرلەمان و نە لە دەرەوەی پەرلەمان، وەرنەگرت.

سوود وەرنەگرتن لە دەرفەت و دەستپێشخەری و بەڵێنەكان

لەم سەرووبەندانەدا، بەشی ھەڵبژاردنی پارتی و دەزگای ھەڵبژاردنی یەكێتی لە كۆبوونەوەكانیان بەردەوام بوون و لەسەر زۆر خاڵ رێككەوتبوون. داوامان كرد ئەو خاڵانەی رێككەونتیان لەسەر كراوە بكرێنە بنەما بۆ ھەمووارەكان و با لە پەرلەمان كاریان لە سەر بكرێ، بەڵام دیسان رێگە بە تیمی یەكێتی لەپەرلەمان نەدرا ھەنگاو بنێن.

دوای دەستپێخەرییەكەی (سەرۆك بارزانی) كە لە مەراسیمی كردنەوەی “یادگەی نیشتیمانی بارزانی”ـدا لە 11ـی 5ـی 2023ـدا، وەكو شاندی مەكتەب سیاسی پارتی رۆژی چوارشەمە 17ـی 5 چووینەوە سلێمانی. لەگەڵ دەستپێكی كۆبوونەوە هاوبەشەكەی هەردوو مەكتەبی سیاسییدا، سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەڕێز كاك بافڵ تاڵەبانی، لوتفی كرد و پاش بەخێرهاتن، ئەوەی راگەیاند كە ئەگەر بابەتێكی پێویست هەبوو، پەیوەندیم پێوە بكەن. بۆیە لەو كۆبوونەوەكەدا بە شاھێدی ھەردوو شاند سێ جار تكا و رجام لە برادەرانی یەكێتی كرد كە رێگە بە(د. رێواس) و فراكسیۆنی یەكێتی بدەن كە پەرلەمان بۆ كاركردنەوەی كۆمسیۆن، وەك خۆی، و خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازەكانی هەموواری یاسای هەڵبژاردن، دانیشتنێك ئەنجام بدات. لەم پێناوەشدا هەر گەرەنتیەكی یاسایی و سیاسییان بۆ دڵنیایی خۆیان دەوێت، ئامادەین، بە جۆرێك با سەرەتا كۆمسیۆن كارا بكەینەوە و مەرجی ئەوەی بۆ دادەنێین كە تا یاسای هەڵبژاردنیش هەمووار نەكرێتەوە، كۆمسیۆن هیچ هەنگاوێك ناهاوژێت. تەنانەت پێشمان وتن خۆ ئەگەر كۆمسیۆن كاراش بكرێتەوە پارتی زۆرینەی تێدا نییە و بێ لایەنەكانی دیكە ناتوانێت هەنگاو بنێت.

سەرەنجام لەسەر ئەوە رێككەوتین شاندی ھەڵبژاردن و فراكسیۆن بێنە پەرلەمان و بە ئامادەبوونی من و (د. رێواس) كۆببنەوە و ھەوڵی نزیك بوونەوە بدەین و را ھاوبەشەكان بۆ كۆبوونەوەی دواتری مەكتەب سیاسی ھەردوولا بھێنینەوە.

ھەمان رۆژی كۆبوونەوەمان لە سلێمانی، دوای نانخواردن داوام لە كاك د. خەسرەو گوڵ محەمەد ئەندامی شاندی یەكێتی كرد لەگەل (كاك بافڵ) قسە بكات بەوپێیەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دیار نییە چۆن و بە چی ئاڕاستەیەك دەبێت. بۆیە ئێمە دەبێت ئامادەسازی خۆمان بكەین و پێش بڕیاری دادگا، هەرچۆنێك بووە، ئێمە كۆمسیۆنی خۆمان كارا بكەینەوە. پاش گەڕانەوەمان، بەڕێز (كاك بافڵ) پەیوەندی پێوەكردین و داوای روونكردنەوەی زیاتری ئەو بابەتەی لێكردین كە لەگەڵ (كاك د. خەسرەو) قسەمان لەسەر كردبوو.

منیش بابەتەكانم بۆ بەڕێزیان روونتر كردەوە و داواشم لێكرد كە ئەو دەرفەت و كاتەی لەبەردەستماون بقۆزینەوە و سوود لە دەستپێشخەرییەكەی جەنابی (سەرۆك بارزانی) وەربگرین. هەروەك بە بەڕێزیشیانم وت ئێمە سبەی، هەینی ۱9 ـی 5، لە پەرلەمان كۆ دەبینەوە ئەگەر رێنمایی تیمی یەكێتی بكرێ رێکبكەوین، لە ماوەی یەك هەفتەدا كۆمسیۆن كارا بكەینەوە و خوێندنەوەی یەكەمیش بۆ پێشنیازەیاساكانی پێشكەشكراو بۆ هەموواری یاسای هەڵبژاردن دەكەین. بەڕێزیشیان وتی “ئێمەش هاوكار دەبین”!

بەڵام لە كۆبوونەوەكەی رۆژی هەینیدا لە پەرلەمان هیچ شتیكی نوێ لە هەڵویستی شاندی یەكێتیدا نەبینرا. لەسەر كاغەزێك سێ پرسیارم نووسی و دامە دەست بەڕێز (د.ریواس) و داوام لێكرد لەگەڵ قیادەی خۆیاندا لە سلێمانی باس و گفتوگۆیان لەبارەوە بكات. پرسیارەكانیش ئەمانە بوون:

– ئایا لەبەرامبەر بڕیاری دادگای فیدراڵی پێكەوە دەبین یان نا؟

– رێگە دەدەن كۆمسیۆن كارا بكەینەوە ؟

– چ زەمانەتیكی یاسایی و سیاسیتان بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن دەوێ؟

رۆژی شەممە 20 ـی 5ـی 2023، برایانی یەكێتی چەند كۆبوونەوەیەكی كارگێڕییان هەبوو. لە یەكێك لە كۆبوونەوەكاندا بەڕێز (د. ڕێواس)ـیش بە ڤیدیۆ كۆنفرانس بەشدار بوو بوو، بەڵام بەداخەوە هیچ وەڵامێك بۆ ئەو پرسیارانە بەدەست نەهاتن و هیچ شتێكی نوێش نەهاتنە پێش.

رۆژی یەكشەمە 21ـی 5ـی 2023، شاندی مەكتەب سیاسی یەكێتی هاتنە پیرمام و لەگەڵ شاندی پارتیدا كۆبوونەوە. بە شاهێدی هەردوو شاند جارێكی دیكەش سێ جار تكا و رجام لێكردنەوە كە رێگە بە سەرۆكی پەرلەمان بدەن بۆ ئەوەی بابەتی كۆمسیۆن بخەینە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە و فراكسیۆنی یەكێتیش هاوكار بێت. تەنانەت كاك (مەحمود محەممەد) سەرۆكی شاندی پارتی، پێی وتن فەرموون با سبەی بابەتی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و دانانی هەردوو وەزیرەكەتان و گۆڕانكاریەكانی ئێمەش بخەینە بەرنامەی كارەوە، بەڵام بەداخەوە هیچ بەپیرەوەهاتنێكمان بۆ ئەم تەرح و پێشنیازانە لێ نەبینین!

تەنانەت هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، پێمان وتن لە پێناوی یەكلاییكردنەوەی بابەتی پێكهاتەكانیش، با یەكێتی و پێكهاتەكان لەگەڵ “یۆنامی” بەبێ پارتی كۆ ببنەوە و بگەنە رێگەچارەیەك. لەو كۆبوونەوەیەدا هەر رێككەوتنێك بكرێ لەو بارەیەوە، پارتی پشتیوان دەبێت و پەسەندی دەكات، بەڵام دیسان گەرموگوڕییەكیش بۆ ئەم پێشنیازە بەدی نەكرا. هەموو ئەمانەش لەكاتێكدا بوو كە بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمان ژمارە (4)ـی ئاسایی لە 22ـی 5ـدا راگەیەندرا بوو.

ئیتر دەبوا چاوەڕێی چی بین؟

كە هیچ بەپیرەوەهاتنێك بۆ پێشنیازە یەك لەدوای یەكەكان نەبوو. تكا و ڕجاكانی ئێمەش سوودێكیان نەبوو. بەڵێنەكانیش جێبەجێ نەكران، نەدەزانرا چاوەڕێی چی بین و تاكەی چاوەڕێ بین. بۆیە لەپێناوی لابردنی بەربەستێكی گەورەی بەردەم ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن و چیتر بەفیڕۆنەدانی ئەو كاتە كەمەی كە لە بەردەستدا ماوە. هەروەها ئەو لێژنە پەرلەمانییەی كە بۆ وەرگرتنی “سی ڤی” بۆ پڕكردنەوەی شوێنی دوو كۆمسیارەكەی كۆمسیۆن پێكهێنرابوو، سەرجەم كارەكانی خۆی تەواو كردبوو، یاداشتیشی بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بەرز كردبووەوە.

بۆیە فراكسیۆنی پارتی بە پشتبەستن بە دەقی روون و زەلالی برگەی چوارەمی ماددەی (48)ـی پەیرەوی ناوخۆ، 24 كاتژمێر بەرلە وادەی دانیشتنەكەی رۆژی 22ـی 5 داواكارییەكی بۆ زیادكردنی بڕگەیەك بۆ بەرنامەی كاری دانیشتنەكە پێشكەش كردبوو، بەمەبەستی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم و پڕكردنەوەی بۆشایی دوو كۆمسیارەكەی. ئەم هەنگاوە یاساییەش‌ مافێكی یاسایی و پەیرەوی بێچەندوچوونە، هەر سەرۆكی فراكسیۆنێك، یان نوێنەری پێكهاتەیەك یان 10 ئەندامی پەرلەمانە كە پێشكەشی بكەن. پەیڕەو تەنها قەیدی 24 كاتژمێری بۆ پێشكەشكردنی داواكارییەكە بۆ زیادكردنی خاڵێك لە بەرنامەی كاری راگەیەندراو، داناوە. كاتێكیش داواكارییەكە لەو ماوە یاساییەدا پێشكەش كرا، ئیتر  بەپێی حوكمەكانی بڕگەی یەكەم لە ماددەی (16) و بڕگەی یەكەمی ماددەی (47) پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیش، بەرپرسیارێتی یاسایی دەخاتە ئەستۆی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان تا هەموواری بەرنامەی كاری راگەیەندراو بكەن و ئەو بڕگەیەی كە داواكراوە بۆی زیاد بكەن.

هەمان رۆژ من و بەڕێز سكرتێری پەرلەمان چووینە لای بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان و داوامان كرد كە بە ئەركی یاسایی خۆمان هەستین و ئەو خاڵە بۆ بەرنامەی كار زیاد بكەین. بەڵام بەڕێزیان ئامادە نەبوو كە بەرنامەی كاری هەموواركراو ئیمزا بكات و وتیشی “لەگەڵی نیم و لەگەڵیشی نابم، سبەی خاڵی یەكەم و دووەم جێبەجێ دەكەم و بۆ ئەوەی كۆمسیۆن لەوێ نابم.”!

پێمان وت كە هیچ كات بە دەستەوە نەماوە و رێككەوتنی هەموو لا هەیە كە كۆمسیۆن وەك خۆی كارا بكرێتەوە و لێژنەكەش كاری خۆی بە ئەنجام گەیاندووە. بۆیە تكایە با ئەم پرسە یەكلایی بكەینەوە و رۆژی سێشەممەش دانیشتنێكی دیكە بۆ خوێندنەوەی یەكەمی پێشنیازەیاساكانی پەیوەست بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و خەسڵەتی بەپەلەیان بدرێتێ، بەڵام دیار بوو هیچی لە حزبەكەیەوە پێ نەوترابوو. بۆیە بەرنامەی كاری واژۆ نەكرد و بەپێی پەیرەوی ناوخۆش، بە ئیمزای جێگری سەرۆكی پەرلەمان و بەڕێز سكرتێری پەرلەمان بەرنامەی كار ئیمزا كرا و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بۆ بەرنامەكە زیاد كرا.

ئیوارەی رۆژی یەكشەمە 21 ـی 5 ، بەریز كاك (عیماد ئەحمەد) سەرۆكی شاندی یەكێتی تەلەفۆنی بۆ كردم داوای كرد كە دانیشتنی سبەی دوابخەین. پێم وت: ” ئێمە ڕازین و فەرموو بە بەریز د.ڕێواس بڵێن با ئیعلانی دانیشتن بۆ سێشەمە یان چوارشەمە بكات و بەرنامەی كاریش كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و خوێندنەوەی یەكەم بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و دانانی وەزیرەكانی یەكێتی و ئاڵوگۆڕەكانی ئێمەش بێت لە ناو پەرلەماندا.”

رۆژی دووشەمە 22 ـی 5 كاتژمێر 8 و 51 دەقیقەی بەیانی نامەیەكی دەنگیم بۆ بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان نارد و داوام لێكرد با دانیشتنەكەی ئەمڕۆ دوا بخەین، بەمەرجێك بەڕێزیان هەر هەمان كات دانیشتنێكی دیكە رابگەیەنێت بۆ سبەینێ (واتە سێشەممە 23ـی 5) وە بەرنامەی كار هەمان ئەو خاڵانە بن كە لەگەڵ (كاك عیماد) باسمان كردبوو. لە هەمان كاتیشدا بەڕێز سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی نامەیەكی دەنگی بۆ بەڕێز سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نارد و هەمان داوای لێكردبوو. بەڵام بە داخەوە، نە سەرۆكی پەرلەمان و نە سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیش وەڵامێكی ئەرێنیان بۆ ئەم پێشنیازە پێ نەدرایەوە.

كە چووینە دانیشتنەكەش، پێش دەستپێك، دیسان پرسیارم لە بەرێز سەرۆكی پەرلەمان كرد كە ئایا هیچ وەڵامێكی ئەرێنی بۆ پێشنیازەكەی ئێمە هەیە، وتیان: “نەخێر”!

بۆیە كاتێك دانیشتنەكە دەستی پێكرد، بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان بە خراپبەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی و لێكدانەوەی نادروست بۆ دەقەكانی پەیڕەوی ناوخۆ دواخستنی دانیشتنەكەی راگەیاند. لە كاتێكدا بەهیچ شێوەیەك دانیشتنی راگەیەندراو كە نیسابی یاسایی دەستەبەر بێت، پێش جێبەجێكردنی بڕگەكانی و تەواوكردنیان لە دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەماندا نییە. بەڵكو لە كاتی دانیشتنەكاندا ئەگەر دواخستن و هەڵپەساردنێك پێویست بووایە، ئەوا بەپێی بڕگەی دووەم لە ماددەی (48) ئەوە دەسەڵاتی دەستەی سەرۆكایەتی دەبوو لەگەڵ رەزامەندی زۆرینەی پەرلەمانی. بەو پێیەش سەرۆكی پەرلەمان خۆویستانە دانیشتنێكی یاسایی و پەیڕەوی بەجێهێشت بۆیە بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی (19) ئەركی بەرێوەبردنی دانیشتنەكە دەكەوێتە ئەستۆی جێگری سەرۆكی پەرلەمان. بە تایبەتیش كە زۆرینەی دەستەی سەرۆكایەتی و زۆرینەی پەرلەمانی، بەدەنگدان، لەگەڵ بەردەوامبوونی دانیشتنەكەدا بوون.

بۆیە ئێمە بە ئەركی یاسایی و پەیڕەوی خۆمان هەستاین و دانیشتنەكەمان بەڕێوە برد. وێڕای هەوڵی بەردەوامی ئەندامانی یەكێتی بۆ راوەستاندنی دانیشتنەكە، بەڵام بە جێبەجێكردنی بڕگەی یەكەم لە ماددەی (48)ـی پەیڕەوی ناوخۆ، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران خاڵی تایبەت بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆن هێنرایە خاڵی یەكەمی دانیشتنەكە و پاشانیش بە زۆرینەی دەنگی 58 پەرلەمانتاری ئامادەبوو (45 ئەندامی فراكسیۆنی پارتی، 2 ئەندامی فراكسیۆنی بزووتنەوە، 1 ئەندام فراكسیۆنی سەردەم و 10 ئەندام لە پێكهاتەكان)، بڕگەكە پەسەند كرا و بەپێی بڕیاری ژمارە (10)ـی ساڵی 2023، ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆن، كارا كرایەوە و دوو كۆمسیاری نوێشی بۆ هەڵبژێردرا.

پاش ئەوەش لەبەر ئەوەی بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان خۆویستانە هۆڵی دانیشتن و باڵاخانەی پەرلەمانیشی بەجێهێشتبوو، بە ئامادە نەبوو هەژمار دەكرێت. بۆیە بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی (19)ـی پەیڕەو و سەرجەم دەسەڵاتەكانی لەلایەن جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە پیادە دەكرێت. ئەمەش بە حوكمی پەیڕەوە و پێویستی بەهیچ جۆرە تەفویز و بریكارییەك نییە. هەربۆیە، بەپێی سرووشتی بڕیارەكە و گرنگی ناوەڕۆكەكەی بە ئیمزای جێگری سەرۆكی پەرلەمان بڕیارەكە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان نێردرا بۆ جێبەجێكردنی ناوەڕۆكەكەی.

سەرەنجامیش بڕیارەكە لە رۆژنامەی فەرمی “وەقایعی كوردستان” ژمارە (305) لە 23 ـی 5ـی 2023ـدا بڵاو كرایەوە. هەردوو كۆمسیارە نوێیەكەش لەبەردەم ئەنجوومەنی دادوەریدا لە 28ـی 5ـدا سوێندی یاساییان خوارد و دەستبەكار بوون.

دەرەنجام

ئەوەی كراوە، وێڕای گرتنەبەری سەرجەم رێكارە یاسایی و پەیڕەوییەكان، جێبەجێكردنی رێككەوتنێكی فرەلایەنەی سیاسی نێوان پارتی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ و یەكگرتووە كە لە 11ـی 3ـی 2023ـدا لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئەنجام دراوە كە تایبەتە بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆن وەك خۆی و پڕكردنەوەی كورسییە بەتاڵەكانی.

كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، بابەتێكی خیلافی نێوان لایەنەكان نەبووە. بەڵكو ئەگەر لە پێشتردا پارتی بەپێی ماف و ئیستیحقاقی هەڵبژاردنی خۆی، داوای دەكرد كە بەرمەبنای هەڵبژاردنەكانی 2018ـی كوردستان و 2021ـی عێراق كۆمسیۆن دابڕێژرێتەوە و كارا بكرێتەوە. چونكە لە كاتێكدا پارتی لە پێكهاتەكەی ئێستادا لە كۆی 9 كۆمسیار، سێكۆمسیاری هەیە، ئەوا بەپێی ئیستیحقاقی ئەو دوو هەڵبژاردنە كۆمسیارەكانی دەبوون بە چوار. بەڵام لە پێناو لابردنی بەربەستەكانی بەردەم هەڵبژاردن و رەخساندنی زەمینەی لەباری هەمەلایەنە بۆی و گەیشتن بە رێككەوتنی نیشتیمانی، دەستبەرداری ئەم مافەی خۆیشی بوو.

ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە، ئەگەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بابەتێكی خیلافی نەبووبێت، بۆچی هەوڵی لەمپەر دروستكردن لەبەردەم كاراكردنەوەیدا درا، بۆچی هەوڵی زۆر بۆ تێكدانی ئەو دانیشتنەی درا كە كۆمسیۆنی تێدا كارا كرایەوە ؟

ئێستاش جەخت دەكەینەوە پرۆسەی هەڵبژاردن ئامرازی یەكەمی پیادەكردنی دیموكراسی و دەستاودەست پێكردنی دەسەڵاتە و مافێكی بنچینەیی گەلی كوردستان و هاووڵاتیانیەتی. مافێكی حزبی و تایبەت نییە تا بكرێتە كەرەستەی دانوستاندن و رێگری لێكردن. بۆیە داوا دەكەین كە پێكەوە پەلە بكەین لە ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەموواركردنی هەشتەمی یاسای هەڵبژاردنی ژمارە (1)ـی ساڵی 1992ـی هەموواركراو لەسەر بنەمای چوار بازنەیی و بەكارهێنانی تۆماری بایۆمەتری و بە بنەماكردنی داتاكانی وەزارەتەكانی بارزگانی و پلاندانانی عێراق. ئەمەش لە پێناوی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی دیاریكراوی خۆی لە 18ـی 11ـی 2023ـدا.

كەواتە، لە ئێستادا كە كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی كۆمسیاران، بەگرتنەبەری رێكارە یاسایی و پەیڕەوییەكان، كارا كراوەتەوە، هەر رێگری و لەمپەردروستكردنێك لەبەردەم كارەكانیدا، لە هەرلایەكەوە بێت، بە پاڵنەری سیاسییە و ئامانجیش لێیان راگرتن و خاوكردنەوەی هەنگاوەكانە بە ئاڕاستەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا.

Back to top button