عەبدولحەکیم خەسرۆ: گۆڕانکارییەکانی بودجە زیان بە هەرێمی کوردستان و مووچەخۆران دەگەیەنێت
عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، لە یاسای بودجەی 2021ـی عێراق، پێنج ترلیۆن بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەرخانکرابوو.
هەروەها راشیگەیاند، دوای ئەوەی دیوانی چاودێری دارایی و وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراقی وردبینی کرد لە گشتی میلاکی هەرێمی کوردستان، دوای وردبینیکردن لە گشت خەرجیەکانی هەرێم کە پێویستە نۆ ترلیۆن بۆ مووچەی فەرمانبەران بنێردرێت، بە واتەی ئەوەی لە یاسای بودجەی 2023 دا نۆ ترلیۆن 300 ملیار دینار زامنکراوە.
سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لەوەشکرد، مووچەی خانەنشینی و کاروباری کۆمەڵایەتی یەک ترلیۆن و 300 ملیار دینار لە پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق زامنکراوە.
عەبدولحەکیم خەسرۆ، گوتیشی:”ئەو بەڕێزانەی کە واژوویان لەسەر ئەم گۆڕانکارییە كرد، زۆر بێ ئاگابوون لەو هەماهەنگیەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق چونکە لە ساڵی 2022، دیوانی چاودێری دارایی و وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراقی، پێداچوونەوەی بە گشت میلاکی وەزیفی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد، هیچ تێبینییان لەسەر نەبوو و بێ کێشە کۆتاییهات، بەڵام ئەو بەرێزانە دووبارە واژوویان کرد کە گشت میلاکاتی هەرێمی کوردستان پاکتاوبکرێت، کە ئێمە لە 2022 ئەمەمان کۆتایی پێهێنابوو.
ئەو بەرپرسەی حکومەت، دووپاتیکردەوە، ئێمە 4 ترلیۆن دینارمان بۆ مووچەی مووچە خۆران زیادكرد و داوای 10 هەزار پلەی وەزیفیشمان لە حکومەتی عێراق کردبوو.
لەبارەی مووچەی پاشەکەوتکراوەکان، عەبدولحەکیم خەسرۆ، گوتی:”دانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمابەران بەشێکە لە پلانی حکومەتی هەرێم لە بودجەی عێراقیش پەسەندمان کردووە، هەروەها گوتوومانە پیویستە گشت پاشەکەوت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدرێتەوە و جێگیرمان کردووە، دواتر حکومەتی ناوەندی، دیوانی چاودێری دارایی و وەزارەتی دارایی عێراقیش پەسەندی کردووە.
هەروەها گوتیشی: حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی بە بەرپرس دەزانێت بەرامبەر بە زامنکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.