وەزارەتێک کۆمەڵێك هەلی کار رادەگەیەنێت

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەرفەت بۆ دەرچوانی دانەمەزراو دەڕەخسێنێت و کۆمەڵێک هەلی کار بۆ خانەکانی منداڵانی بێسەرپەرشت و پیر و پەککەوتان

وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا، رەخساندنی هەلی کار بۆ کۆمەڵێک لە دەرچوانی دانەمەزراو رادەگەیەنن بە شێوەی گرێبەستی نا حکومی لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان کە کار و چالاکی ھاوبەش لەگەڵ وەزارەت ئەنجام دەدەن.

باسی لەوەشکردووە، چالاکییەکان لە (خانەکانی منداڵانی بێسەرپەرشت و پیر و پەککەوتان و سەنتەرەکانی منداڵان و ماڵەکانی داڵدەدانی ژنانی ھەرەشە لێکراو و سەنتەرەکانی راھێنان) دەبێت بۆ زیاتر خزمەتکردنی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان.

راشیگەیاندووە، پاش دیاریکردنی لیژنەیەکی تایبەت بۆ وەرگرتنی فۆرم و چاوپێکەوتن بە مەبەستی دامەزراندن، لە کۆبونەوەی رۆژی 29ـی ئایاری 2023، بە میکانزمێکی گونجاو و روون بڕیاری لەسەردرا تا شایستەرین دیاری بکرێت بەو جۆرەی لە خوارەوە هاتووە.

– پێویستە خوازیار تەمەنی لە 40ساڵ زیاتر نەبێت.

– پێویستە خوازیار دانیشتووی (سەنتەری شاری ھەولێر) بێت.

– پێویستە خوازیار زانیاری ڕاست و دروست پێشکەش بکات و لە ئەگەری تۆمارکردنی زانیاری هەڵە و نادروست داواکاری دامەزراندنی رەت دەکرێتەوە.

– نابێت خوازیار مووچەخۆر بێت لە هیچ دامودەزگایەکی حکومی و کەرتی تایبەت.

– ئارەزومەند پێویستە ئەم بەڵگەنامانە و کۆپییەکانیان لە رۆژی سەردانکردنی ئامادە بکات (کارتی نیشتیمانی ، کارتی زانیاری، پشتگیری موختاری گەڕەک، بڕوانامە یان پشتگیری دەرچوون) .

– پێویستە خوازیار زمانی ئینگلیزی بزانێت و توانای (نوسین، خوێندنەوە، قسەکردن) ھەبێت.

– پێویستە خوازیار توانای بەکارھێنانی کۆمپیوتەری ھەبێت.

– پڕۆسەی پێشکەشکردنی داواکاری دامەزراندن (سیڤی) بە چەند قۆناغێک دەبێت.

قۆناغی یەکەم: دەرگای پێشکەش کردنی داواکاری دامەزراندن راستەوخۆ دەبێت لە نوسینگەی تایبەتی وەزیر بۆ ماوەی یەک ھەفتە پاشان بەڵگەنامەکانی لەگەڵ هاوپێچ بکرێت لەناو فایلێک، لە رۆژی سێشەممە، 30ـی ئایاریـی2023 لە کاتژمێر 8:30 تا 01:00 . لە دیوانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەلایەتی ــ شەقامی گشتی شۆرش.

قۆناغی دووەم : لەلایەن لیژنە تایبەتمەند چاوپێکەوتن و خاڵ بەندی دەکرێت بۆ دەستنیشانکردنی کەسانی شایستە.

Back to top button