زیاتر لە 433 ملیۆن دینار بۆ پرۆژەكانی شاری دهۆك و شارۆچكەی شاریا خەرج دەكرێت
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری خەرج کردنی زیاتر لە 433 ملیۆن دینار بۆ پرۆژەكانی شاری دهۆك و شارۆچكەی شاریا دەدات.
راگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئاشکرای دەکات:” رەزامەندی نیشاندرا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی (433,021,250)دینار بۆ جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژەی خزمەتگوزاری لە شاری دهۆك و شارۆچكەی شاریا لە پارێزگەی دهۆك.
ئەو گوژمەیە لەسەر رێژەی 100%ی داهاتی فرۆشتنی زەویی روكنی شارەوانییە لە سنووری شاری دهۆك و شارۆچكەی شاریا، بە مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی كردنەوە و كۆنكرێتكردنی شەقامەكانی گەڕەكی ئێتیت و قیرتاوكردنی شەقام لە كەرتی 82 لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی دهۆك، لەگەڵ دروستكردنی شەقامی ناوخۆیی لە سنووری شارەوانیی شاریا خەرج دەكرێت.
وەزارەتەکە راشیگەیاندووە:” جگە لەو پرۆژانە لە سنووری هەردوو سەرۆكایەتیی شارەوانیی دهۆك و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی دهۆك ئێستا ژمارەیەكی زۆر پرۆژەی تری خزمەتگوزاری لە قۆناغی جێبەجێكردندان.