روونكردنەوەیەك لە وەزیری دارایی و ئابوورییەوە
ئاوات جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی گۆڕانکارییەکانی نێو پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق قسە کردووە و دەڵێت، هەر دەستكارییەك بەبێ ئاگاداری و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی هەرێمی کوردستان، ناكۆكیی دەستوورییە.
ئێمە پاڵپشتین بەو رێككەوتننانەی بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سوودانی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان کردوومانە، پابەندین بەو رێككەوتننامەی كە لە ١٨ـی ٤ـی ٢٠٢٣ لەنێوان وەزیری نەوتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی واژوو کراوە، بۆیە هەر دەستكارییەك كرابێت بەبێ ئاگاداری و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی هەرێم، دەستكاریی پڕۆژەیاسای بودجەیە و ناكۆكیی دەستوورییە، بە تایبەت بڕیارێكی دادگای فیدراڵی هەیە، بڕیاری ژمارە ٣٥ رێگری لەوە دەكات پەرلەمان دەستكاریی ئەو ناوەرۆكانە بكات کە لە حكومەتەوە دەچێت بۆ پەرلەمان، واتە لیژنەی دارایی مافی ئەوەیان هەیە دەستكاریی ژمارەكان بكەن یان لە نێوان بڕگە و ماددەكان گواستنەوە بکەن، بەڵام مافی زیاددكردن یان تەرككردنی ناوەرۆكیان نییە.
ئەوەی بۆ ئێمە جێگەی نیگەرانیە ئەو گۆڕانكارییانەی كردوویانە، پێمان وایە ئەوە ئاسانكاری بۆ هەردوولا دروست ناكات، بە پێچەوانەوە رێككەوتنی هەردوو لا قورس دەكات و بۆ تێكدانی پەیوەندیی هەرێم و بەغدایە، گۆڕانكارییەكانییش ئەمانەن:
ماددەی ١٣ و ١٤ زۆر دەستكاری كراوە، لە بڕگەی دووەم (ا) دەستكاریی وشەی “تسلیم” و “تصدیر” كراوە، لە كاتێكدا مافی ئێمە لە موڵكداریەتیی سامانە سرووشتییەكانی هەرێم بە شێوەیەكی گشتی ئەو مافەی لە ئێمە سەندووەتەوە و بە پێی ماددەی ١١١ و ١١٢ـی دەستووری عێراق ئەو مافە پارێزراوە بۆ گەل. لە ماددەی ١١٢ پێناسەی كردووە دەڵێ “هەرێم و پارێزگاكان” و لێرەدا مافی ئێمەی پێشێل كردووە. سەرباری ئەوەی رێككەوتنمان هەیە لەسەر ئەوەی پڕۆسەی نەوتی ئێمە شایەنی بەدواداچوونە لەلایەن چاودێریی دارایی حكومەتی فیدراڵ و هەرێم، لەگەڵ كۆمپانیای چاودێریی جیهانی، لێرەدا ئەوەیان زیاد كردووە کە لە دوای هەموو ئەمانە لەلایەن وەزارەتی داراییی عێراقی وردبینی بۆ بكرێتەوە زیادكردنی ئەو بڕگەیەش کێشەدرووستکردنە.
لە بڕگەی (د) قەرزێكی تی بی ئای هەیە، كاتی خۆی كردمان بە ١٠ ساڵ، لە رێككەوتنی بودجەی ٢٠٢١ كرا بە ٧ ساڵ، ئەوان كردوویانە بە ٥ ساڵ. خۆی بڕی بودجەی هەرێم ١٢.٦٧٪ بە ناهەقە و بەبێ پرسكردن بە هەرێم لە ١٧٪ كەمكراوەتەوە. ئێمە بەو مەرجە بەوە ڕازی بووین لە مانگی ١٠ سەرژمێری بكرێت و بەپێیی ئەمە ئەو ژمارەیە دابنرێت، چونكە بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، رێژەی كورد نزیكەی ١٤٪ـی عیراقە نەك ١٢٪. لێرەدا وەكو ئەوەیە قورسایی بخەنە سەر ئەو بودجەی بۆ ئێمە دانراوە، نزیكەی ٩٠ یان ٨٠ ملیار خۆی لە خۆیدا ئەو ئەركەی لەسەریەتی پێی بەڕێوە ناچێت، ئەوەشیان بۆ زیاد كردووە.
لە بڕگەی ٥ لە ماددەی ١٤ لیژنەیەك دروست دەكرێت بۆ بەدواداچوونی ئەو ماوەی پێشوو واتە لە ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٢٢. ئێمە وەكوو حكومەتی هەرێم پێشووتر ڕازی بووین لەسەر ئەمە و خۆشمان بۆی ئامادە كردووە، بەڵام لێرەدا شتێكی تریان زیاد كردووە، بەپێی ئەو ناوەرۆكەی دەڵێ، لەلایەن هەردوولا دەبێ قبوڵ بكرێت، ئەوە لابراوە، وەك ئەوەیە حكومەتی ئیتیحادی هەموو بڕیار و مەرجەكانی خۆی بسەپینێ و ئێمەش هیچ رامان نەبێت لەسەری.
لە بڕگەی ٧ میلاكاتیان هێناوە، گوایە ژمارەی هەموو فەرمانبەرانی ئێمە پێشكەشی وەزارەتی دارایی كراوە و لەلایەن چاودێریی دارایی وردبینی بۆ كراوەتەوە. دەتوانین بڵێین ئەوە بیدعەیە؛ لێرەدا زیادەیەكی بۆ كردووە الشاغل و المشغول، بۆ زانیاری ئەو بابەتەمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی بڕاندۆتەوە، كێشەیان بۆ دروست كردووین لەسەر ژمارەی میلاكاتی داوامان كردووە: ئێمە ٦٨١ هەزارمان هەیە و داوامان كردووە ژمارەیەكمان بۆ زیاد بكەن تاوەكوو كێشەی یەكەمەكان و وانەبێژان و گرێبەستانی پێ چارەسەر بكەین، لێرەدا ٢٠ هەزارێكیان كەم كردۆتەوە.
كێشەیەكی تر ئەوەیە دایان ناوە ئەگەر لە تێڕوانین ناكۆك بین، لە ماوەی ١٥ رۆژدا ڕاستەوخۆ بودجەی هەرێم ببڕدرێت، بۆچی دەبێ لەسەر جیاوازیی را، ملیۆنێك و ٢٧٠ هەزار مووچە خۆری ئێمە سزا بدرێت؟
لە ماددەی ٩ـدا دەڵێت: دەبێ حكومەتی هەرێم پابەند بێت بەوەی كە مووچە یەكەم بێت، ئێمە خۆمان بەشی زۆری بودجەی هەرێممان داناوە بۆ مووچە، ئەمساڵ ٩ ترلیۆنمان بۆ مووچە تەرخان كردووە كە هیچ ساڵێك ٥ ترلیۆن بۆ بودجەی هەرێم دانەنراوە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، لێرەوەش ئاشكرایە لە هەرێم تا مووچە دابین نەكرێت، هیچ شتێكی تر تەرخان ناكرێت.
ئەوەی ماوەتەوە باسی بكەم پاشەكەوتی مووچەیە لەبەر ئەوەی هاتۆتە ناو موزایەدەی سیاسی، تۆ كاتێك نووسراو دەكەی بەپێ پارە، ئەو پارەیە چۆن دەدەی؟ بۆیە ئێستا سەیر بكەین ئەمە لەگەڵ ئەو پارەیەی هیچی بۆ دیاری نەكردووە، هیچ ژمارەیەكی بچووكیشت لە بودجەی هەرێم زیاد نەكردووە، لەگەڵ ئەوەی تی بی ئای مانگانە ڕەنگە بچێتە ١٧٠ یان ١٨٠ ملیار دینار، ئەمە چۆن دەدەى و كێشەكانی هەرێم چۆن چارەسەر دەكەی، حكومەتی هەرێم ئەو بڕەی كرد بە قەرز لەسەر حكومەت، چونكە پلانی هەیە بیداتەوە، پلانەكەش لەسەر پاشەكەوتی مووچەیە.
ئەوەی ئێمە دەیكەین و پێویستیشە بیكەین و لەسەر هەردوولامانە بیكەین، ئەو پارەیە بگەڕێتەوە. بە هیواین هەمووی بگەڕێنینەوە بە جارێك، نەوەك بە ڕێژە. بەڵام خۆزگە هەموو لایەك لە موزایەدەی سیاسی دەر دەچوو و خەمی گرنگمان ئەوە دەبوو چۆن خزمەت بە وڵاتەكەی خۆمان بكەین.