گوتەبێژی حکومەت : داوامان کردووە پاشەکەوتی مووچە هەمووی بەسەریەکەوە بدرێتەوە فەرمانبەران
د. جووتیار عادل، گوتەبێژى حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند:”نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان پشتیوانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و کابینەکەى محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقن.”
راشیگەیاند: “ئێمە زۆر زووتر داواى گەڕاندنەوەى مووچەى فەرانبەرانی هەرێمی کوردستانمان لە حکومەتی فیدراڵی کردووە و داواشمان کردووە بەسەریەکەوە بدرێتەوە، نەک بە رێژە و قیست.”
گوتەبێژى حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: “لەسەر پێشنیازی سەرۆکی حکومەت، فەرمانگەى پەیوەندییەکانی دەرەوە و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و گوتەبێژى حکومەت، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی دەرەوە، وردەکاریی رێککەوتنمان لەگەڵ حکومەتی عێراق خستنە روو؛ تێیدا رامانگەیاند پابەندی ئەو رێککەوتنە سیاسییەین کە لەگەڵ کابینەکەى محەمەد شیاع سودانی کراوە، چونکە بە ئیرادەیەکی ئازادانەى هەردوو لا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کراوە.”
لەبارەى هەڵوێستی نوێنەرایەتیی وڵاتان لەوبارەوە دەڵێت: “خۆشبەختانە نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان و دۆستانی کورد، پاڵپشتیی حکومەتی هەرێم بوون لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و پاڵپشتیی خۆیان بۆ چارەسەرە دەستوورییەکان لە نێوان هەردوو لادا دووپات کردەوە.”
د.جوتیار عادل راشیگەیاند: “بەداخەوە، ئەو پێشهاتە دەستوورییەى لە لیژنەى داراییی پەرلەمانی عێراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان کراوە، پێچەوانەى دەستوور و رێککەوتنی هەردوو لایە. گۆڕانکارییەکان کە لەلایەن لیژنەکەوە کراوە، پێچەوانەى ڕێککەوتنی هەرێم و کابینەى نوێی حکومەتی عێراقە؛ بۆیە پێمان وایە پڕۆژەیاساى بودجەی عێراق ماف و ئەرکەکانی هەردوولا بەپێی دەستوور دەستنیشان بکات، نەک بەو پێشێلکاریانە. هەر ڕێککەوتنێکی سیاسیی نێوان هێزەکان هەبێت، پێویستە رەنگدەرەوەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بێت، چونکە ئەمە رێککەوتنی نێوان دوو حکومەتە نەک نێوان دوو کەس. لەبەر ئەوە سوورین لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی هەرێم لەگەڵ عێراقدا.”
لەبارەى هەڵوێستی محەمەد شیاع سودانی لەسەر رێککەوتنەکە، رایگەیاند: “سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ ئەوەیە رێککەوتنەکە وەکوو خۆى جێبەجێ بکرێت و خواستێکی بەهێزى بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە هەیە.”
لەبارەى پرسی گەڕاندنەوەى مووچەى پاشەکەوتکراوی فەرمانبەرانی کوردستان و رێگەدان بە خودی پارێزگاکان بۆ پەیوەندیبەستنی راستەوخۆ بە حکومەتی فیدراڵەوە، د.جوتیار عادل رایگەیاند: “ئێمە لەگەڵ هەر هەنگاوێکین بۆ دەستەبەرکردنی مافە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، بەڵام قەوارەى هەرێمی کوردستان لای خەڵک لە پێش هەموو شتێکەوەیە. لەبارەى قەرەبووکردنەوەى ئەو هەموو مووچەیەى حکومەتی عێراق لە فەرمانبەرانی بڕیوە، لە هەموو پڕۆژەیاسایەکی بودجە جێگیر کراوە کە باس لە گەڕاندنەوەى ئەو مووچانە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەکات؛ داواى ئێمە ئەوە بووە هەمووی بەسەر یەکەوە بۆ فەرمانبەران بگەڕێنرێتەوە نەک بە رێژە و قیستی ساڵانە.
بەداخەوە ئەوەش بۆ موزایەدە و دەستکەوتی سیاسی بەکار هێنراوە. ئێمە نەک بۆ گەڕاندنەوەى مووچە، بەڵکوو داواى قەرەبووی قوربانیانی جینۆساید و ئەنفالکراوانیشمان کردووە کە رژێمی پێشوو بەو تاوانانە هەستاوە. ئەوەش لە ماددەى 13ى پڕۆژەیاساى بودجە جێگیر کراوە. بۆ ئەمەش دیوانی چاودێریی هەردوو لایەنەکە بۆ سەرپەرشتیی ئەو کارە و پاکتاوکردنی پرسە داراییەکان ڕاسپێردراون.”
لەبارەى هەڵوێستی حکومەتی هەرێم لەسەر بڕیارى دادگەى فیدڕاڵی بۆ رەتکردنەوەى درێژکردنەوەى ماوەى پەرلەمانی کوردستان، گوتەبێژی حکومەت رایگەیاند: “وەک حکومەتی هەرێمی و سەرۆکی حکومەتیش، ئامانج ئەوەیە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت. بۆیە داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەین، پاڵپشتیی سەرۆکی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا. ئەوە سیاسەتی حکومەتی هەرێم؛ چونکە هەڵبژاردن تاکە رێگەیە بۆ نوێکردنەوەى شەرعییەتی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان و پێشخستنی حوکمڕانیی باش.”