ڤیان دەخیل: کۆبوونەوەیەکی گرنگی لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت دژ بە بڕیارەکەی لیژنەی دارایی ئەنجامدراوە
ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، ئەو کێشانەی ئێستا هەیە بەهۆی دەستکاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی بەرێگەی سیاسی، یاسایی و دەستووری چارەسەردەکرێت و ئێستاش گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ ئەو مەبەستە.
ڤیان دەخیل روونیکردەوە، دوای ئەو رێککەوتنە سیاسییەی بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی سیاسی ئەنجامدرا، چەند رێککەوتنێک لەنێوان هەولێر و بەغدا کرا کە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەموو پابەندییەکانی ئەستۆی خۆی جێبەجێکردووە و لەسەر بنەمای دەستووریش کە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە، هەموو ئەو گۆڕانکاری و پێشێلکارییانەی لە مافەکانی کورد دەکرێت، رەتدەکاتەوە و ناکرێت هیچ هەنگاوێک پێچەوانەی ئەوانە لە دژی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.
هەوڵی چەند پەرلەمانتارێک بۆ بڕیاردان لەدژی هەرێمی کوردستان مانای ئەوە نییە تەواوی لایەنە سیاسییەکان هەمان هەڵوێستیان هەیە، ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەی دوێنێ لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت لە ماڵی فوئاد حوسێن هەنگاوێکی گرنگ بوو بە ئاراستەی راستکردنەوەی ئەو هەوڵانەی دژی رێککەوتنی سیاسی نێوان لایەنەکان کراوە.
لەبارەی گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیشەوە، ڤیان دەخیل روونیکردەوە، ئەوەی کراوە تەنیا بۆ راگەیاندن بووە ئەگەرنا بەبێ تەرخانکردنی بودجە، پاشەکەوتی مووچە بەوشێوەیە ناگەڕێتەوە.