سەرۆکی حکومەت پێشوازی باڵیۆزی سوید لە عێراق کرد
ئەمڕۆ دووشەممە 5ی حوزەیرانی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جێسیکا سڤاردسترۆم، باڵیۆزی سوید لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و سوید کرد.
سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، جەخت لە گرنگی و پێویستیی ڕێزگرتن لە رێککەوتننەکانی نێوان هەردوولا و دابینکردنی ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان كرا و سەرۆکی حکومەتی هەرێم دووپاتی کردەوە کە پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆی لەمساڵدا بکرێت.
باڵیۆزی سوید ئاماژەی بەوە دا کە سەرەڕای گرفت و ئاستەنگەکان، بەڵام خۆشبەختانە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان و هەولێر بەتایبەتی بەردەوامە.
باشترکردنی دۆخی ئافرەتانی کوردستان و گرنگی ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان لە بەردەم ئافرەتان لە کایە جۆراوجۆرەکاندا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.