حیزبە کوردستانییەکانی کەرکووک هۆشداری لەبارەی دۆخی شارەکە دەدەن
حیزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی کەرکووک دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان رایانگەیاند: ئەگەر چارەسەری دۆخی کەرکووک نەکرێت کارەسات روودەدات.
حیزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی کەرکووک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند :” رۆژ لە دوای رۆژ دۆخی شاری کەرکووک بەرەو ئاڵۆزی و ناجێگیری سیاسی زیاتر هەنگاو دەنێت و بازنەی تەعریبکردنی شارەکە لە فراوان بوونەوەدایە و هەوڵەکان بۆ ئەو مەبەستە زیاتر چڕکراونەتەوە”.
هۆشداریش دەدەن “ئەگەر چارەسەری ئەم دۆخە نەکرێت، ئەوا کەرکووک لە کۆنتڕۆل دەردەچێت و کارەسات روودەدات چونکە رووداو وپێشهاتەکانی تۆپ زاوا و پێشتریش، دەرخەی ناجێگیری رەوشی کەرکووکە”.
حیزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی کەرکووک لە پێنج خاڵدا ژمارەیەک داواکارییان ئاراستەی حکومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدار کردووە و جەخت لەوە دەکەنەوە، “جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق تاکە چارەسەرە بۆ کێشەکانی کەرکووک”.
داواکارییەکان بریتین لە:-
1. دەستبەجێ ئەو رووپێویەی کە فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک لەسەر داوای وەزارەتی بەرگری عێراق ئەنجامی دەدات رابگیرێت.
2. هەرچی زووە نوێنەرانی کەرکووک بەسەرجەم پێکهاتەکانییەوە هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ پاراستنی ئەو پێکەوەژیانەی کە مێژوویەکی دوور و درێژی لەم شارە هەیە، بە پێچەوانەوە ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان لەبەردەم مەترسیدایە.
3. جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق تاکە چارەسەرە بۆ کێشەکانی کەرکووک و پێویستە هەوڵی جدی بۆ بدرێت و فشار لەسەر بەغدا دروست بکرێت چیدیکە هەوڵی خۆدزینەوە لە جێبەجێکردنی نەدات.
4. پێویستە ئەرکی سوپا تەنها پاراستنی سنوورەکان بێت و دوور بێت لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی و کێشە ململانێیە سیاسی و یاساییەکان.
5. پشتگیری تەواو لە جووتیارانی کورد و تورکمان دەکەین لە پاراستنی مافەکانیان و جێیان ناهێڵین.