برایەكی شەهید هاوکار جاف: بەداخەوە عەلی باپیر کابرایەکی فاشیلە و حزبەکەیشی هیچ نییە
ئەمڕۆ دووشەممە 5ی 6ی 2023، لە هەولێر عەلی باپیر و شاندێكی یەكێتی کۆ بوونەوە، دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ عەلی باپیر، دژی بڕیاری لەسێدارەدانی بکوژانی هاوکار جاف، لە لایەن دادگای هەولێرەوە، قسەی کرد.
دوایی قسەکانی عەلی باپیر، محەمەد جاف، برای هاوکار جاف، رایگەیاند:عەلی باپیر لەبیری چوو، کە یەکێتی سەرکردایەتییەکانیانی گرت و کوشتنی؟ وادیارە ئێستا چەند دۆلارێکی لە سەعدی پیرە و بافڵ تاڵەبانی وەرگرتووە، بۆیە دەیەوێ بەم قسانەی خەڵک چەواشە بکات، کەیسی تیرۆرکردنی شەهید هاوکاری برام لەلایەن دادگای هەولێرەوە بڕیاری لێ دراوە، حزب بڕیاری لێ نەداوە.
ئەو برایەی شەهید هاوکار جاف گوتیشی: ئەگەر عەلی باپیر خۆی بە موسڵمان بزانێت و حزبەکەیشی وەک حزبێکی ئیسلامی پێناسە بکات، دەبوو پێش هەموان هەڵوێستی لەسەر بە ناحەق کوشتنی هاوکار جاف هەبوایە و بە ناڕەوای بزانیایە، بەڵام بەداخەوە عەلی باپیر کابرایەکی فاشیلە و حزبەکەیشی هیچ نییە.
محەمەد جاف ئاماژەی بەوەش دا: ئێمە وەڵامی پیاوی بچووک نادەینەوە، لەبەر ئەوەی عەلی باپیر بەلای ئێمەوە پیاوێکی بچووکە، چونکە لە بنەڕەتەوە لە زۆر شت بووە بە پاشکۆی یەکێتی، دڵنیاین، کە دەستی لە کوشتنی عەبدوڵای قەسرێشدا هەبووە، ئەگینا خۆی لەو بابەتە گرنگانە لانەدەدا. لای خۆی ئەم شەریعەتی ئیسلام جێبەجێ دەکات، بەڵام بەداخەوە نە لە مانای دین و نە لە مانای ئیسلام تێگەیشتووە، ئەو دینی تەنیا بۆ زیادکردنی ژمارەی ژنەکانی جێبەجێ کردووە و روكن و رێکارەکانی دیکەی دین جێبەجێ ناکات.