سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی سویسرا لە عێراق و ئوردن دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە 6/6 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان , پێشوازی لە ئیمیلیا جۆرجیۆڤا باڵیۆزی سویسرا لە عێراق و ئوردن کرد.
لە دیدارەکەدا، دوایین پەرەسەندنەکانی بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە تاوتوێ کرا.
سەرۆکی حکومەت خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی لەگەڵ سویسرا و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی پێشکەوتووی ئەو وڵاتە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە.
باڵیۆزی سویسرا لە عێراق و ئوردن ، وێڕای ئاماژەدان بە پرۆسەی ئاوەدانیی و بیناسازی هەرێمی کوردستان ، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بوارەکانی پیشەسازی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەربڕی.
پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و گرنگیی دابینکردن و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان ، بارودۆخی کەمپەکانی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان و زەوینەسازکردن بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان بۆ شوێنەکانیان ، هەروەها رووبەرووبوونەوەی
کاریگەرییە نەرێنییەکانی کەش و هەوا و گرنگیی پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو ، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوون.