سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە شاندێکی ژاپۆنی دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە 6/6 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە شاندێکی ژاپۆنی کرد کە لە کانسوکی ناگائۆکا یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن و بەرپرسی کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و فوتۆشی ماتسومۆتۆ باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق و نوێنەری ژمارەیەک لە کۆمپانیا ژاپۆنییەکان پێکهاتبوو.

سەرۆکی حکومەت خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی شاندی ژاپۆنی بۆ هەرێمی کوردستان نیشاندا و ئاماژەی بەوە دا کە ئەزموونی ناوازەی ژاپۆن ، شایانی سوود لێ وەرگرتنە بە تایبەتی لە بواری وەبەرهێنان لە سامانی مرۆیی و پێگەیاندنی نەوەی نوێ لە سەر داهێنان و ئافراندن کە لەمبارەیەوە ، ئەزموونی ژاپۆن مایەی پێزانین و سەرسامییە و دەکرێ زۆر سوودبەخش بێت .

شاندی ژاپۆنی جەختیان لەوە کردەوە کە دەرفەتێکی زۆر هەیە بۆ گەشەپێدانی وەبەرهێنانی ژاپۆنی لە هەرێمی کوردستان کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ، لە رووی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوەدا زۆر پێشکەوتووە.

لە کۆبوونەوەکەدا ، بیرو را لە بارەی دەرفەتەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەريمی کوردستان و ژاپۆن لە بوارەکانی گواستنەوە و گەیاندن و کشتوکاڵ و خوێندن و پیشەسازی ئاڵوگۆڕ کرا .

Back to top button