سێ گرووپی مەترسیداری بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیر کران 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ سێشەممە، رایگەیاند:” سێ گرووپی مەترسیداری بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەریان دەستگیر کردووە.

راشیگەیاندووە:” یەکێک لەم گرووپانە هەوڵیانداوە ئافرەت و کچی نەوجوان بەکاربهێنن بۆ بڵاوکردنەوەو تووشکردنی کەسانی تر بەم ماددە مەترسیدارە.

دەقی ‌‌‌‎راگەیاندراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان:-

تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەھۆشبەرەکان، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی بەردەوام و گرتنەبەری رێکارەیاساییەکان ، لە رۆژانی ٤ و ٥ ی ئەم مانگە، سێ گرووپی بازرگانی کردن بە مادەی هۆشبەرەکانیان دەستگیرکردووە کە پێکهاتوون لە ١٠ کەس، یەکێک لەم گرووپانە هەوڵیانداوە ئافرەت و کچی نەوجوان بەکاربهێنن بۆ بڵاوکردنەوە و تووشکردنی کەسانی تر بەم ماددە مەترسیدارە.

تەواوی دەستگیرکراوان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و دانیان بەتاوانەکانیان ناوەوە و رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان

٢٠٢٣/٦/٦

Back to top button