ئاوات جەناب نووری: سازش لەسەر مافەكانی هەرێم ناكەین و پابەندین بە رێككەوتنەكان لەگەڵ بەغدا

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ 6ـی حوزەیرانی 2023 بڵاویکردووەتەوە، ئاوات شێخ جەناب نووری لەمیانی پێشوازیکردنی لە کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر ئاماژەی بەوەکردووە، وەک شاندی دانوستانکاری هەرێم پێشبینی ئەو کێشە و گۆڕانکارییانەیان نەکردووە، بەهۆی ئەوەی پێش دەرچوونی بڕیاری دادگای پاریس رێککەوتنی سیاسی و حکومییان لەسەر بودجە و نەوت کردووە و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیان بەدەقی یاسایی چەسپاندووە.

لەبارەی دوایین گفتوگۆکان لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق و گۆڕانکارییەکانی هەردوو ماددەی 13 و 14ـی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردووەتەوە، تاڕادەیەک نەرمی نواندن هەیە، بەڵام بەهیچ جۆرێک سازش لەسەر مافە دەستووری و یاساییەکانمان ناکەین و پابەندین بەو رێککەوتنانەی پێشتر ئەنجاممانداوە و چاوەڕوانین سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆڵی گرنگ و ئیجابی ببینێت لەو رووەوە.

لای خۆیەوە كونسوڵی توركیا رایگەیاند كە كار بۆ بەهێزكردن و پەرەپێدانی كەرتی وەبەرهێنان و پێوەندییە بازرگانییەكانیان لەگەڵ هەرێم دەكەن، هیوای خواست دۆخی سیاسی و ئابووری هەرێمی كوردستان سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت و بە زووترین كات هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، هاوكات ئەو ناكۆكییانەی لەسەر بودجە لە نێوان هەرێم و بەغدا هاتووەتە ئاراوە بە زووترین كات چارەسەر بێت.

Back to top button