گەنجێك پاش دەستگیركردنی لە لایەن ئاسایشی سلێمانی، دەخنكێت و گومان دەكرێ كوژرابێت

سەرچاوەیەكی نزیك لە كەسوكاری قوربانییەكە دەڵێت:” گەنجێكمان كە ناوی (ئارام کامەران عەزیز)ە، لە ناوچەی كانی گۆمەی شاری سلێمانی، لە لایەن مەفرەزەیەكی ئاسایشی سلێمانییەوە داوای ناسنامەی لێ دەكرێت و پاشان دەیبەنە بەڕێوەبەرایەتییەكەیان، بەڵام پاش 24 کاتژمێر لەژێر ئەشکەنجەی سەخت و بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە، گیان لەدەست دەدات.

دەشڵێت ”ئاسایشی سلێمانی زۆر بە بابەتی گیان لەدەستدانی ئەم گەنجە شپرزە دەبێت، بە جۆرێك كە ویستوویەتی تەرمەكە بنێرێت بۆ هەواڵگریی گشتیی بەغدا، بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون ئەم بەرپرسیارێتییە هەڵبگرن، بۆیە دوای زیاتر لە هەفتەیەک، تەرمەکە لە پزیشکی دادوەریی سلێمانی دەهێڵنەوە.“

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکرد : ”تا ئێستا هۆکاری کوشتنی ئەو کوڕە لەلایەن ئاسایشی یەکێتی نازاندرێت، كوشتنەكەی دڕندانە بووە، هەر 10 پەنجەکەی پان کراوەتەوە، پاش ئەشكەنجەیەكی زۆر ئینجا خنکێنراوە، هەردوو شانیان شکاندووە، هەردوو قاچیان شکاندووە، شوێنی حەپل بە ملیەوە دیارە و هەموو گیانی شین و مۆر بووە، چۆکێکی دەرچووە واتە بستێک خوار چۆکی ئێسکەکەی دەرچووە.“

باسیشی لەوە كرد كە رۆژی 14ی 5ی 2023 و 11 رۆژ دوای گرتنەكەی، لە ڕێی پارێزەرێكەوە پەیوەندیی بە كەسوكاری گەنجەكەوە كراوە لە كاتێكدا ئەوان پێیان گوترابوو گەنجەكە لای ئێمە نییە، بۆیە ئەوانیش لە بەغدا بەدوای كوڕەكەیاندا دەگەڕان، كەچی ”پەنجەمۆریان بە كەسوكارەكەی کردووە، هەڕەشەیان لێ کردوون و پێیان گوتوون کە هیچ میدیا و راگەیاندنێک نابێ ئاگادار بکرێتەوە و بۆتان نییە قسەیان بۆ بکەن، هەڕەشەشیان لێ كردوون و بە جۆرێك ترسێندراون كە نەتوانن تەنانەت رێکخراوە ناحكوومییەكان و (UN)یش ئاگادار بکەنەوە.“

Back to top button