عەلی عەونی: شەرمێكی گەورەیە كە نوێنەری حیزبەكان لەسەر شاشەی كەناڵەكان درۆ لەدژی پارتی و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن
عەلی عەونی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ئێمە وەك پارتی داوای گەڕاندنەوەی 100%ی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان دەكەین. پێویستە حكومەتی عێراق و حزبە موزایەدەچییەكانی كوردستان بە تەنیا بۆ موزایەدە و شەڕی راگەیاندن خاڵی بێ ناوەڕۆك نەخەنە نێو یاسای بودجەی عێراق، پێویستە لەگەڵ نووسینی بڕگەكە، پارەشی بۆ تەرخان بكەن.’
روونیشی كردووەتەوە: دانانی بڕگەیەك بە ناوی گەڕاندنەوەی 10%ی پاشەكەوت، تەنیا بۆ هاندانی خەڵكە لە دژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كاتێكدا لە ساڵی 2014ەوە تا ئێستا، حكومەتی عێراق گەمارۆی خستووەتە سەر هەرێمی كوردستان، هەر ئەوەش وای كرد حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ناچاری مووچە پاشەكەوت بكات.
عەلی عەونی بە پێویستی دەزانێت: دوور لە موزایەدە و شەڕی دەنگ كۆكردنەوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، حكومەتی بەغدا پارەی مووچەی خەڵكی بە تەواوی بنێرێت.
جەختیشی كردووەتەوە: شەرمێكی گەورەیە كە نوێنەری حیزبەكان لەسەر شاشەی كەناڵەكان درۆ لەدژی پارتی و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، ئەو درۆیانەش بۆ بەرژەوەندیی دەسەڵاتدارانی عێراق دەكەن. بۆچی داوای 10% دەكەن؟ خێرە داوای 100%ی پاشەكەوتی مووچە ناكەن و داوا لە بەغدا ناكەن پارەی زیاتر بخاتە سەر پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق تاوەكوو پاشەكەوت بگەڕێنێتەوە؟