بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان: وەڵامی حزمەتەكانمیان بە سوكایەتی پێكردن دایەوە
عەمید عەلی شەهید محەمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە سهبارهت به پرسی لهسهركار لابردنی، كە بەپێویستی دەزانێت رای گشتی لە مەسەلەكە ئاگادار بكاتەوە تا بەهەڵە لێكدانەوەی بۆ نەكرێت.
ناوبراو له رونكردنهكهدا دهڵێت: زۆربەی خەڵكی گەرمیان و تەنانەت كوردستانیش ئاگاداری مێژوی خۆم و بنەماڵەكەمن، كە جگە لەوەی خۆم لەپێناوی كوردایەتیدا ئەشكەنجە و ئازاری ناو گرتوخانەكانی رژێمی بەعسم هەموی بینیوە و بنەماڵەكەشم لەرابردودا دەربەدەری بەشیان بوە، كوڕی شەهید محەمەدی شاسواریشم كە یەكەم شەهیدی سەربڕدراوی كوردستان و رێبازەكەی مام جەلال-ە، كە دوای سێ رۆژ و لەبەرانبەر پارەیەكی زۆر لەلایەن نۆكەرانی بەعسەوە سەرەكەی درایەوە دەستی مامم.
له درێژهی رونكردنهوهكهیدا هاتووه: دەمەوێت هەموو لایەك ئاگاداربكەمەوە كە من پۆست پەرست نیم و پۆستم بە لاوە گرنگ نییە، ئەگەر پۆستم بەلاوە گرنگ بوایە لەپێشەوەی كارمەندە ماندوو نەناسەكانی ئاسایشەوە نەدەبوم لەشەڕی داعشدا، كە خەڵكی گەرمیان شایەتی داستانی تێكشكاندنی داعشن لەسەردەستی ئێمە لەسنوری جەلەولا.
لهبهشێكی بڵاوكراوكهیدا نیگهرانی خۆی دهردهخات دهڵێت: ئەوەی بۆ من جێی نیگەرانییە و وایكردوە سوربم لەسەر بەردەوام بون لە پۆستەكەم، شێوازی دەركردنی فەرمانی گۆڕینمە، كە لەپای 30 ساڵ خزمەت و شەونخونی و پاراستنی ئەمنیەت و سەروماڵی هاووڵاتیان، كەچی بەو شێوەیە پاداشتەكەم دراوەتەوە كە بێ ئاگاداری خۆم و كاتێك بڕیاری لەسەركار لابردنم دەربكرێت، خۆم بەمەبەستی چارەسەری پزیشكی لەدەرەوەی وڵات بم.
بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان دهسدهخاته سهر برینه گهورهكه و پێیوایه، لەهەمووی ناخۆشتر و قورستر بۆی، بڕیاری گواستنەوەیەتی لە ئیدارەیەكی گەورەی وەكو گەرمیانەوە بۆ یاریدەدەرێتی ئاسایشی چەمچەماڵ، كە پێشتر یاریدەدهرێتیهكی سەربەخۆی بوە. دەشڵێت “پێموایە ئەمە هەوڵێكە بۆ شكاندنی شكۆی بەندە وەكو ئەندامێكی خێزانێكی قوربانیدەر و شۆڕشگێڕ و قابیلی قەبوڵ نییە و لەپێناو گێڕانەوەی شكۆدا، ئامادەم هەموو قوربانیەك بدەم”.
عەمید عەلی شەهید محەمەد له كۆتایی روونكردنهوهكهیدا دهڵێت: كێشەی ئەو هیچ پەیوەندییەكی بە كوتلە و كوتلەكاری و باڵ باڵێنەوە نییە و پەیوەندیشی بەوەوە نییە كە پۆستەكەی بەلاوە گرنگ بێت، بەڵكو پەیوەندی بەوەوە هەیە كە ئەو كارە هەوڵی شكاندنی شكۆیانە و بەرگری لەشكۆی خۆیان كردوە ، ئەگینا ئەگەر بە شێوەیەكی ئاسایی و یاسایی رێز لە خەبات و شەونخونیەكانی بگیرایە جێهێشتنی پۆستی لەهەموو شتێك لا ئاسایی ترە