مەکتەبی سیاسی پارتی: لەپێناو دەستكردنەوەی حكومەت بۆ مووچە و بەردەوامی وەبەرهێنان دەنگمان بە بودجە دا
مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی تەواوی تموحاتی ئێمە لە بوودجەدا نەهاتووە، بەڵام لەپێناو دەستكردنەوەی حكومەت بۆ بابەتی مووچە و بەردەوامی وەبەرهێنان و، بەردەوام نەبوونی كێشەكان بڕیارماندا دەنگ بە پەسەندكردنی بوودجە بدرێت.
دەقی راگەیاندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
پارتیمان لە روانگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە ژیان و بژێوی هاووڵاتیانی كوردستان هەوڵی زۆریدا كە ماددە و بڕگەكانی یاسای بوودجەی ساڵی 2023 ـی عێراقی فیدراڵ بەگوێرەی ئیستحقاقاتی دەستووری و رێكکەوتنی ئیدارەی دەوڵەت بۆ پێكهێنانی كابینە و، رێكکەوتنی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ بێت و، شایستە داراییەكان بۆ حكومەتی هەرێم دابین بكرێت.
لەلایەكی دیكەوە زۆر بەجدی هەوڵیدا ئەو پیلانەی کە بەشێوەیەکی رێکخراو لە ئارادا بوون بۆ دەستوەردان لە سەروەری هەرێم و بچووككردنەوە و لێكترازانی قەوارەی هەرێم و كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی كە لە دەستووردا جێگیركراون، پووچەڵبكاتەوە.
سەرەڕای ئەوەی تەواوی تموحاتی ئێمە لە بودجەدا نەهاتووە چونكە دەبوو ئەو دەقەی بوودجە كە لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بڕیاری لێدرابوو دەست كاری نەكرابوایە، بەڵام لەپێناو دەستكردنەوەی حكومەت بۆ بابەتی مووچە و بەردەوامی وەبەرهێنان و، بەردەوام نەبوونی كێشەكان بڕیارماندا رەئی بە پەسەندكردنی بودجە بدرێت.
لێرەدا جێی خۆیەتی سوپاسی هەڤاڵانی فراكسیۆنی پارتیمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و کوتلەی وەزاری پارتیمان لە حكومەتی فیدراڵ بكەین كە بەوپەڕی دڵسۆزی و ماندوونەناسانە رۆڵی خۆیان بینیوە و، داوای سەركەوتنیان بۆ دەكەین.