محەمەد شیاع سوودانی: پێداچوونەوە بەو بڕگە و ماددانەدا دەکەین کە لە بوودجەدا ھەموار کراونەتەوە

محەمەد شیاع سوودانی راگەیەندراوێکی لەبارەی پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوەی وەبیرھێناوەتەوە، ئەو بودجەیەی کە ئەنجومەنی وەزیران لە 13ی ئاداری رابردوودا دەنگی لەسەر دا‌، بە گرنگییەوە دابینکردنی ‌پێداویستییە سەرەکییەکانی ھاووڵاتییانی لەبەرچاو گرتووە، ھەروەھا حکومەت ھەوڵدەدات خواستەکانی ھاووڵاتییان بەدیبھێنێت، بەتایبەتی لە جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، دووبارە ئاوەدانکردنەوە و ژێرخانی ئابووریی.

باسی لەوەیش کردووە کە بە پێشکەشکردنی بوودجەی سێ ساڵ، داکۆکیان لەسەر دیدگای روونی چاکسازیی کردووە کە لەبەرنامەی حکووتەکەیدا پەسەند کراوە و ھاتووە: لەچوارچێوەی پەسەندکردنی بودجەکەدا، ھەنگاوی گرنگ بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە دەنێن کە لە سەردەمی کابینەکانی پێشوودا تەواونەکراون و کەڵەکەبوون، ھەروەھا لەچوارچێوەی دیدگامان بۆ چاکسازی، خەرجییەکانی کارکردن و پەرەپێدان بە داھاتە نانەوتییەکان کەم دەکەینەوە و پاڵپشتی خۆمان بۆ کەرتی تایبەت دووپات دەکەینەوە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەیشداوە، پێداچوونەوە بەو بڕگە و ماددانەدا دەکەن کە لە بودجەدا ھەموارکراونەتەوە بۆ ئەوەی بزانن تا چەند لەگەڵ دید و بەرنامەی حکوتەکەیدا گونجاوە.

ئەوەیشی خستووەتەڕوو، ئەو ھەوڵانەی کە ‌لە ماوەکانی رابردوودا لە ‌پێناو پەسەندکردنی بودجەدا خرانەڕوو بەرزدەنرخێنن،‌ بەتایبەتی ھەوڵی ئەندامانی لیژنەی دارایی و لیژنەی پلانی ستراتیژیی و خزمەتگوزاریی فیدراڵیی ئەنجومەنی نوێنەران.

Back to top button