نەجیبە نەجیب: رێککەوتنی عێراق و ھەرێم سەقامگیری سیاسی و ئابووری دروست دەکات
نەجیبە نەجیب، ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، سەرەڕای ھەندێ تێبینی لەسەر یاسای بودجە، بەتایبەتی پێویست بوو ھەندێ شایستەی دیکەش بۆ ھەرێمی کوردستان زامن بکرێن، لەوانەش زیادکردنی بودجەی پێشمەرگە و ئەو قەرزانەی عێراق دەیکات بەشی ھەرێمی کوردستان بدات، بەڵام بەکۆی گشتی، پەسەندکردنی یاسای بودجە لە عێراق کاریگەری خۆی دەبێت و لەبەرژەوەندی عێراق و ھەرێمی کوردستاندایە، بەتایبەتی دوای رێکەوتنی نێوان مەسرور بارزانی و محەمەد شیاع سوودانی.
ئەو ئەندامەی پێشووی لیژنەی دارایی گوتیشی: لەسێ ساڵی داھاتوو ھەرێمی کوردستان سەقامگیری ئابووری بەخۆیەوە دەبینێ، لەبەر ئەوەی یاسای بودجە بۆ سێ ساڵە، ئەو بودجەیەش گەورەترین بودجەیە لە عێراق پەسەند دەکرێت.
نەجیبە نەجیب روونیکردەوە: ھەندێ لایەن دەیانەوێ شەڕی ئابووری دژی ھەرێمی کوردستان رابگەیەندرێ بۆ دژایەتی کیانی دەستووری ھەرێمی کوردستان، بەڵام لەوە دڵنیاین ھەوڵەکان نەزۆکن و سەرناگرن، ئەوەی پێشبینی ئێمەیە باشتربوونی رەوشی ئابووری ھەرێمی کوردستانە و سەقامگیری ئابووری و سیاسی نێوان ھەرێم و بەغدا ھەیە، چونکە باشبوونی رەوشی ھەرێم کاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراقیش ھەیە.