رێبەر ئەحمەد: ئەمریکا ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە بابەتی دیموکراسی و ئازادی رادەربڕین بەرز دەنرخێنێت

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەکانی چەند رۆژی رابردوویان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا دەرئەنجامی باشیان هەبووە و، وەکو خۆی دەڵێت، واشنتن پشتگیریی خۆی بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستانی دووپاتکردووەتەوە .

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە ئاماژەدان بەوەی، ئەمریکا پشتگیری خۆی بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقێکی بەهێزدا دووپاتکردووەتەوە، گوتیشی، لە کۆبوونەوەکاندا ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە پرسی دیموکراسی و ئازادی رادەربڕین بەرز نرخێندرا.

هەر لە بارەی کۆبوونەوەکان گوتیشی، باس لە ئارامی و سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە و، وەکو خۆی دەڵێت، “لە کۆبوونەوەکاندا پاراستنی هەرێمی کوردستان یەکێک لە سەرەکیترین بابەتەکان بوو و وەکو دۆستێکی نزیکی هێزەکانی هاوپەیمانان کە رووبەڕووی تیرۆرستانی داعش بوونەتەوە تەماشە دەکرا. هاوکات رۆڵی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان لەو چوارچێوەیەدا بەرز نرخێندرا”.

رێبەر ئەحمەد گوتی، “هەردوولامان هاوڕابووین لەسەر ئەوەی پێویستە دەستوور رێزی لێ بگیرێت و توانا داراییەکانی عێراق لەگەڵ کورد، سووننە، شیعە، کریستیان، تورکمان و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی وڵاتەکە هاوبەش بکرێت. دەبێت هەمووان سوود لە بودجەی عێراق وەربگرن و بەشی راستەقینەی خۆیان لە خزمەتگوزارییەکان وەربگرن، ناکرێت تەنها سەرج بدرێتە سەر ناوچە و پێکهاتەیەک، بەڵکوو دەبێت هەموومان وەکو عێراقی سوودی لێ وەربگرین”.

گوتیشی، “ئەمریکا خۆشحاڵی خۆی بە پڕۆسەی چاکسازی لەنێو هێزەکانی پێشمەرگە دەربڕی و پابەندی خۆی نیشاندا بۆ ئەوەی هاوکابن لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ئەوەی ببێتە هێزێکی توکمە و رێکخراو و رووبەڕووی هەموو هێرشەکان ببێتەوە کە رووبەڕووی دەبێتەوە”.

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، “ئەمریکا پێی خۆشە کوردستان هەرێمێکی سەقامگیر و بەهێز بێت و دووپاتیان کردەوە، بەردەوام دەبن لە کارکردن لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە.”

Back to top button