مهسرور بارزانی: بهرنامهمان ئهوهیه ههموو كرێكارێك له دهستهبهری كۆمهڵایهتی تۆمار بكرێ و مافهكانیان بۆ كاتی خانهنشینی پارێزراو بێ
ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی كرد و پرۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی کاروباری دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بە دیجیتەڵکردنی ئەرشیڤەکەی، بەسەر كردهوه،
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەسەر کردنەوەکە وتارێكی پێشكهش كرد، کە ئهمه دهقەکەیەتی:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
سەردانی ئێرەمان كردووە بۆ ئەوەی بزانین پرۆسەی دەستەبەری كۆمەڵایەتی چۆن بەڕێوە دەچێت؟ ئەمە پرۆژەیەكە بۆ زیاتر گەیاندنی خزمەت بە هاووڵاتییان و بەتایبەتی كرێكاران كە لە كەرتی تایبەت ئیش دەكەن.
ئێمە بینیمان كە بە چ شێوەیەك ئەم دۆسییانە، ئەم دۆكیۆمێنتانە هەموویان لە شوێنی جیاجیا هەن و لەوانەیە زۆر ماوەیەكی دوورو درێژی بوێ بۆ فەرمانبەرێك بتوانێ كار لەسەر ئەم فایلانە بكات. ئامانج لەم كارە ئەوە بووە كە ئێمە بتوانین هەموو ئەو دۆكیۆمێنتانە بەدیجیتاڵی بكەین و خزمەتگوزارییەكان ئاسان بكەین، هەم ئاسانكاری بۆ حكومەت بكرێ و هەم بۆ كرێكاران.
بەرنامەی حكومەت ئەوەیە كە هەرچیی كرێكارە لە كەرتی تایبەت، هەموویان لە دەستەبەری كۆمەڵایەتی تۆمار بكرێن، كە ئەمە دەبێتە هۆكارێكی زۆری هاوكاریكردن لە حكومەت و هەلی كار و هاووڵاتیانیش بۆ ئەوەی روو لە كەرتی تایبەت بكەن. چونكە دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ ئەوان لە كەرتی تایبەت مسۆگەر دەكرێ، پێویست نییە هەموویان ڕوو لە كەرتی گشتی بكەن بۆ ئەوەی دڵنیا بن كە لە داهاتوودا مافیان پارێزراوە.
ئەمە ئامانجی سەرەكیی حكومەت بووە، ئامانجەكەش ئەوەیە كە ئێمە بتوانین ئەو رێژەیەی تاوەكوو ئێستا دەستەبەری بۆ كراوە كە وابزانم ئەوەی بیستوومە تەنیا 10%ە، ئەمە رۆژ بە رۆژ زیاد بكرێ و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانیش چ لە وەزارەتەكان و چ لە كەرتی تایبەت، هەمووی هاوكاریی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بكەن بۆ ئەوەی لە دەستەبەری كۆمەڵایەتی خۆیان تۆمار بكەن.
ئەمە بێگومان یارمەتییەكی زۆری كرێكاران دەدات، لە هەمان كاتدا ئەو پێویستییانەی كە هەیانە بۆ دوای خانەنشینبوونیان، ئەمانە هەمووی زەمانەت و گەرەنتی دەكرێن. لە هەمان كاتدا ئەو بەشە پارەیەی كۆ دەكرێتەوە، ئەمە باج نییە، یانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بە هیچ شێوەیەك باج نییە، بەڵكوو تەنیا گەرەنتیكردن و مسۆگەركردنی داهاتووی ئەو كەسانەیە كە لە كەرتی تایبەت ئیش دەكەن. ئەمە دەكرێ حكومەت سوودێكی تریشی لێ وەربگرێ و وەبەرهێنانی تێدا بكات، ئەمە یارمەتییەكی زیاتری بووژانەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان دەدات.
من بینیم، سەیرمان كردن كە بە چ شێوەیەك كاری جددی تێدا دەكەن، لەسەر ئاستی هەموو كوردستان بیستوومە كە زیاتر لە 40 هەزار دۆسیە هەیە كە كاری تێدا دەكەن، لە هەولێر و لە پارێزگاكانی تر، دهۆك و سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆكان، لە هەموو ئەو شوێنانە خەریكن ئەوانەش بخرێنە پرۆسەكەوە كە كارێكی وردە، بەڵام بیستوومە كە لە ماوەی چەند مانگێكی داهاتوودا ئینشائەڵا ئەم كارانە تەواو بكرێن، ئەمە ئاسانكارییەكی زۆر دەكات بۆ فەرمانبەرانیش، بۆ وەزارەت دەستەبەری كۆمەڵایەتیش هاوكارییەكی زۆر دەبێت، لێرەدا جێی خۆیەتی من سوپاسی بەڕێز وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و تیمەكەی بكەم، هەروەها سوپاسی فەرمانگەی تەكنەلۆژیا و زانیاریی بكەم و ئەو تیمەی كە لە لای خۆشمەوە دەستنیشانم كردوون بۆ یارمەتیدان و هاوكاریكردن بۆ جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە.
هیوادارم ئەم پرۆژەیە و هەموو پرۆژەكانی تر كە لە بەرنامە و ئەجێندای ئەم حكومەتەدا هەن، لە زووترین كاتدا جێبەجێ بكرێن بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین خزمەتێكی زیاتری هاووڵاتیان بكەین و ئەو دڵنیاییەی كە خەڵك و كرێكارانیش مەبەستیانە، پێیان بدەین و ئینشائەڵا هەر سەركەوتوو بن.