مەسرور بارزانى پێشوازیی لە شاندێكى سه‌ربازيى به‌ريتانى کرد

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 15ـی 6ـی 2023، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیی له‌ شاندێكى سه‌ربازيى به‌ريتانى کرد به‌ سه‌رۆكايه‌تيى ‌مارشاڵ سامى سامپسن گه‌وره‌ ڕاوێژكارى به‌رگريى به‌ريتانى و له دیدارەکەدا كه‌ ڕۆزی كه‌يڤ كونسولى گشتيى به‌ريتانيا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو، گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا و جەخت لە گرنگیی پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم و رێزگرتن لە رێککەوتنەکانی نێوان هەردوولا کرایەوە.

تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە پێویستیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەم رووەوە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی نابێ چیتر پرۆسەی هەڵبژاردن دوابخرێت و پێویستە لەمساڵدا ئەنجام بدرێت.

سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەی هەموو هاریکاری و هەماهەنگییەکە بۆ ئەنجامدان و سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن.

بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و کۆتاییهێنان بە شاڵاوی داگیرکردنی زەوی جووتیارانی کورد لەم ناوچانە، هەروەها پشتگیریکردنی دامودەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، چەند لایەنيکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.

Back to top button