بەرهەمهێنانی كارەبا ئاسایی بووەوە
وەزارەتی کارەبای رایدەگەیێنێت کە پرۆسەی چاكسازیی کۆمپانیای داناگاز لە كێڵگەی كۆرمۆڕ كۆتایی هات و ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا ئاسایی بووەوە.
لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: “بەهۆی پرۆسەی چاكسازی لە كێڵگەی كۆرمۆر لە رۆژی 22/5/2023، ئاستی بەرهەمهێنانی گاز كەم ببووەوە و كاریگەریی لەسەر كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبا و ماوەكانی پێدانی كارەبا كردبوو، بڕیاربوو لە رۆژی سێی ئەم مانگە پرۆسەیە تەواو بێت، بەڵام بەهۆی هەندێ گرفتی تەكنیكی، پرۆسەکە درێژ کرایەوە، ئەمڕۆ 16ی حوزەیران پرۆسەی چاکسازیی لە کێڵگەی کۆرمۆر کۆتایی هات و ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا ئاسایی بووەوە”
راشیگەیاند: “وەزارەتی كارەبا سوپاسی پشوودرێژی هاوڵاتیان بۆ تێگەیشتن لە پرۆسەکانی چاکسازیی وێستگەکان و کێڵگەکان دەکات، کە ئەم پرۆسە چاکسازییە هاوکات بووە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و هەڵكشانی خواست لەسەر کارەبا ، هەروەها سوپاسی تیمەكانی هەردوو وەزارەتی كارەبا و سامانە سروشتییەكان دەكات توانیویان وێڕای كەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا و خۆگونجاندن لەگەڵ پرۆسەی چاكسازیی کۆمپانیای داناگاز لە کێلگەی کۆرمۆر، نەیانهێشت كاریگەری لەسەر سیستەمی كارەبا هەبێت”.