وەزارەتی پەروەردە لە راگەیەندراوێكدا دەستگیرکردنی چوار تۆمەتباری بە هاوكاری ئاسایش راگەیاند

ئەمڕۆ هەینی 16ـی حوزەیرانی 2023، بەشی یاسایی وەزارەتی پەروەردە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی هێزەکانی ئاسایش/ئاسایشی دهۆک لەسەر سکاڵای وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چوار تۆمەتباریان گرت، کە کاریان فریودانی قوتابیان بوو لە رێگەی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە فرۆشتنەوەی ئامێری بلوتوپ بۆ گزیکردن ( غش).

هەر لە راگەیەندراوەكەدا ناسنامەی تۆمەتباران بۆ رای گشتی ئاشكرا كراوە و هاتووە، هەر یەك لە تۆمەتباران(د، ا ، س،س) و (ع، ج، م) و (ا، ح، ا، ع) و (ع ، ح، ح ، ک) لەسەر سكاڵای وەزارەتی پەروەردە لەلایەن ئاسایشی دهۆكەوە گیران.

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا وەزارەتی پەروەردە سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی ئاسایشی دهۆک دەکات، و دڵنیایش دەدات كە “پرۆسەی بەدیهێنانی دادپەروەری بەردەوام دەبێت بۆ قوتابیان و خوێندکاران و هەموو رێکارێکی یاسایی پێویست دەگرینەبەر بەرانبەر هەر کەسێک یاسا شکێنی بکات لە پرۆسەی تاقیکردنەوەکان”.

Back to top button