گه‌وره‌ترین پڕۆژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ماسی له دهۆك دروست ده‌كرێت
لە چوارچێوه‌ی پلانە ستراتیژییەکانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان له بواری به‌رهه‌مهێنان، پڕۆژه‌یه‌كی به‌رهه‌می ماسی وه‌ك گه‌وره‌ترین پڕۆژه له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان و عێراق دروست ده‌كرێت.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 18ـی 6ـی 2023 فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، گەورەترین پڕۆژەی بەرهەمی ماسی لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە پارێزگای دهۆک دروست دەکرێت، کە لە چەند بەشێک پێک دێت، به‌شێوه‌یه‌ك لە قۆناغی یەكەمدا توانای هه‌یه دووسەد تۆن گۆشتی ماسی به‌رهه‌م بهێنێت.
فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، ئامانجی ئه‌م پڕۆژه‌یه، بریتییه له پڕكردنه‌وه‌ی پێویستیی ناوخۆ و پەرەپێدانیەتی بۆ ئاستێك بتوانرێت هەناردەی دەرەوە بكرێت، هه‌روه‌ها روونیكردووه‌ته‌وه، ئه‌م پڕۆژه‌یه لە قۆناغی یەكەمدا لە ماوه‌ی ساڵێکدا توانای بهرهمهێنانی 21 ملیۆن پەنجەماسی و 1200 تۆن گۆشتی ماسی هه‌یه.
فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشاوه كه ئەم پڕۆژەیە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و تەواوکەری بەرهەمی کشتوکاڵییە لە هەرێمی کوردستان، به‌شێوه‌یه‌ك سەرمایەکەی 10 ملیۆن دۆلارە، هاوكات لە ئێستادا 500 دەرفەتی کاری بە شێوەی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ بۆ هاووڵاتییان رەخساندووە.
فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری ئه‌وه‌شی راگه‌یاندووه، هیچ جۆرە پرۆژەیەکی بەرهەمی ماسی لە تەواوی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەو شێوەیە و بەو جۆرە سیستەمە دروست نەکراوە و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی تێدا بەکار هێنراوە.
به‌گوێره‌ی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری رووبەری پڕۆژەکە 229 دۆنمە و لە هەڵهێنەری ماسی، تاقیگە، حەوزی خۆڵ و قەفەزی ماسی پێکدێت، روونیشیكردووه‌ته‌وه، پلان هەیە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ئالیک دابنرێت و دوای پڕکردنەوەی پێویستیی ناوخۆ، لە داهاتوودا بەرهەمی ئەم پرۆژەیە هەناردەی بازاڕەکانی عێراق و وڵاتانی کەنداو ده‌كرێت.