لە بەرژەوەندی جووتیارانی کورد و تورکمانی کەرکووک بڕیارێکی نوێ درا درا

لە بڕیارێکدا لیژنەی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراق لەسەر تەعریب و داگیركردنی زەویی جووتیارانی كورد لە کەرکووک هاتە دەنگ و داوا دەكات كە چی تر گرێبەستی زەویی كشتوكاڵی جووتیارانی سنووری كەركووك بۆ عەرەبەكان نوێ نەكرێتەوە.

بەپێی نووسراوێکی، سەرۆکی لیژنەی ماددەی 140 کە ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کراوە و تێیدا داواکراوە کار بە بڕیاری ژمارە 29ی ساڵی 2012ـی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکەن تایبەت بە هەڵوەشاندەوەی سەرجەم بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکوور سەبارەت بەدەستبەسەرداگرتنی زەوی جووتیاران.

هەر لە نووسراوەکە داوا کراوە سەرجەم گرێبەستە کشتوکاڵییەکان لە فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک هەڵبوەشێتەوە و کاری پێنەکرێت و گەڕانەوەی سەرجەم ئەو زەوییانە بۆ پێش بریاری لیژنەی کاروباری باکوور.

جەختیشکراوەتەوە کە بڕیاری ژمارەی 29ی ساڵی 2012 ئەنجوومەنی وەزیران تا ئێستا کاری پێدەکرێت و نابێت گرێبەستە کشتوکاڵییەکان کاری پێبکرێت.

تەعریبکردن و داگیرکردنی زەوی جووتیارانی کورد لە کەرکووک لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017-وە لە چوارچێوەی پرۆسەی تەعریبدا زەویی كشتوكاڵیی جووتیارانی كورد و بەشێك لە جووتیارانی توركمانیش بە پاڵپشتیی هێزە سەپێندراوەكان لەلایەن عەرەبە هاوردەكانەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت و بۆ بەشێك لە عەرەبە هاوردەكان بە هاوكاریی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق و دادگاكان گرێبەستی كشتوكاڵیی زەویی جووتیارانی كورد بۆ عەرەبە هاوردەكان نوێ دەكرێتەوە.

 

 

Back to top button